
تینی ئاگر و گەرما باشووری ئەوروپای گرتووەتەوە؛ هەزاران کەس ئاوارە بوون و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەش قوربانی دەدەن، زانایانیش هۆکارەکە بۆ چالاکییەکانی مرۆڤ دەگەڕێننەوە.
تینی ئاگری دارستانەکان لە وڵاتانی ئیتاڵیا، فەڕەنسا و ئیسپانیا بەردەوامی هەیە و ئەم دۆخە هەزاران کەسی ناچار کردووە ماڵەکانیان جێبهێڵن. لە نوێترین پەرەسەندندا، ڕۆژی پێنجشەممە 3 کارمەندی تیمی ئاگرکوژێنەرەوە لە کاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیاندا گیانیان لەدەستدا. ئەم شەپۆلە لە کاتێکدایە کە پلەکانی گەرما لە زۆرێک لە ناوچەکان 40 پلەی سیلیزییان تێپەڕاندووە.
زانایانی کەشوهەوا هاوڕان لەسەر ئەوەی چالاکییەکانی مرۆڤ و سوتاندنی سوتەمەنییە بەردینییەکان هۆکاری سەرەکین بۆ گۆڕانی کەشوهەوا. ئەوان دەڵێن ئەم هۆکارانە بوونەتە بنەما بۆ درووستبوونی ئاگر و شەپۆلی گەرمای توند کە ئێستا ئەوروپای گرتووەتەوە. زانایان داوای گرتنەبەری هەنگاوی جدی و بەپەلە دەکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم بارودۆخە.
لە دوورگەی سیسیلی وڵاتی ئیتاڵیا، نزیکەی 6000 کارمەندی ئاگرکوژێنەرەوە، پاسەوانی دارستانەکان و کارمەندی مەدەنی سەرقاڵی کوژاندنەوەی دەیان ئاگری جیاوازن. بەرپرسانی حکومەتی ئیتاڵیا هۆشداری دەدەن لە خراپی و مەترسیداری دۆخی ناوچەکە و بەردەوامی بڵاوبوونەوەی ئاگرەکە.
لە ناوچەی کالابریا زیاتر لە 160 ئاگر تۆمارکراون. بەرپرسی هێزە مەدەنییەکانی ناوچەکە ڕایگەیاندووە کە ئاگرەکان بە ئەنقەست درووستکراون. بە گوتەی ئەو بەرپرسە، چەند کەسێک قوماشی ئاڵاو بە بەنزین و ماددەی سووتێنەریان بەستووە بە کلکی پشیلەی کۆڵانەکانەوە بۆ ئەوەی ئاگرەکە بە خێرایی لە ناوچە جیاوازەکان بڵاوببێتەوە.
دۆخی فەڕەنساش ئاڵۆزی تێدایە و ڕۆژی سێشەممە 2 کارمەندی ئاگرکوژێنەرەوە بەهۆی لێکەوتەکانی ئاگرەکەوە گیانیان لەدەستدا. تەنها لە یەک ڕۆژدا 12000 کەس لە ناوچەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی فەڕەنسا ناچاربوون ماڵ و حاڵی خۆیان چۆڵ بکەن و ڕوو لە شوێنە ئارامەکان بکەن.
لە ئیسپانیا، حکومەت داوای چۆڵکردنی چەندین ناوچەی کردووە، بەتایبەت لە دەوروبەری تۆلیدۆ لە باشووری مەدرید. بەرپرسان لە ڕێگەی پەیامی مۆبایلەوە هۆشدارییان داوەتە دانیشتووان و ژمارەیەک ڕێگەی سەرەکی بە تەواوی داخراون. لە ئێستادا چەندین گوند لەو ناوچانە بەهۆی مەترسیی ئاگرەکەوە بەتەواوی چۆڵکراون.
هەرچەندە هەوڵەکانی حکومەت و دەزگا پەیوەندیدارەکان لە ئەوروپا بەردەوامە، بەڵام بەهۆی ئەو شەپۆلە گەرمایەی ناوچەکەی گرتووەتەوە، کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە بووەتە ئەرکێکی قورس. ئاگرەکە ژیانی هەزاران کەسی خستووەتە مەترسییەوە و زیانی ژینگەیی و مرۆیی گەورەی لێکەوتووەتەوە.
