
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، دووربوونی وڵاتەکەی لە ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی گەرووی بابلمەندەب و ململانێکانی یەمەن دووپات دەکاتەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە کێشەکان ڕەهەندێکی مێژووییان لەنێوان یەمەن و سعوودیەدا هەیە، هاوکات حووسییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە گەمارۆ دەریاییەکەیان تەنیا سعوودیە دەگرێتەوە و هیچ چارەسەرێکی سەربازی بۆ دۆخەکە لە ئارادا نییە.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی دۆخی یەمەن و ڕووداوەکانی گەرووی بابلمەندەب ڕایگەیاند، دۆخی یەمەن پەیوەندی بە ئێرانەوە نییە، ئەو ڕووداوانەی لە ناوچەکانی گەرووی بابلمەندەب ڕوودەدەن پەیوەندییان هەیە بە ناکۆکی و کێشە کۆنەکانی نێوان یەمەن و سعوودیە و وڵاتانی ناوچەکە.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی ڕێگەچارەی ململانێکانی ناوچەکە لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "ئێران دەیلی" ڕایگەیاندووە، هیچ ڕێگەچارەیەکی سەربازی بۆ پەرەسەندنی ململانێکانی نێوان سعوودیە و حووسییەکان و بابلمەندەب و پرسەکانی دیکەی ناوچەکە لە ئارادا نییە.
سەرەتای ئەم مانگە ململانێ و پێکدادانەکانی نێوان حووسییەکان لە یەمەن و سعوودیە دەستیپێکردەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە ساڵی 2022 بە نێوەندگیریی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاگربەستێک لەنێوانیاندا ڕاگەیەندرا، حووسییەکان گەمارۆی دەریاییان بەسەر سعوودیەدا سەپاند.
ئەم گەمارۆیە مەترسی لەسەر توانای سعوودیە بۆ گەیاندنی پێداویستییەکانی بۆ جیهان دروست کردووە، لەکاتێکدا گەرووی هوورمز کە دەروازەیەکی دیکەی بازرگانیی سعوودیە بوو بۆ دەرەوە داخراوە.
گوتەبێژی حووسییەکان لەبارەی سنووردارکردنی هاتوچۆ لە گەرووی بابلمەندەب ڕایگەیاند، گرووپەکە ڕێگری لە هاتوچۆ لە ڕێگەی گەرووی بابلمەندەبەوە ناکەن و گەمارۆی دەریایی تەنیا کاریگەری لەسەر لایەنی سعوودیە هەیە.

