لە واشنتنەوە بۆ تاران و ئێستاش ئەنقەرە و ڕیاز؛ جوڵە نوێیەکانی عەلی زەیدی لە ناوچەکە
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە درێژەی گەشتە دیپلۆماسییەکانیدا بەرەو ئەنقەرە و ڕیاز بەڕێدەکەوێت، بە مەبەستی واژۆکردنی زنجیرەیەک ڕێککەوتنامە لە بوارەکانی ئابووری، وزە و پەیوەندییە دووقۆڵییەکاندا.
ئەجێندای سەردانەکەی تورکیا
ڕۆژى سێشەممە 28ـى مانگ، عەلى زەیدی سەرۆکوەزیرانى عێراق بە یاوەرى شاندێکى حکومى دەگاتە تورکیا. بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیران، لەم سەردانەدا لەگەڵ بەرپرسانى باڵاى ئەو وڵاتە گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانى پەیوەندییەکان دەکرێت، بەتایبەت لە بوارەکانى ئابوورى، بازرگانى، نەوت، وزە و پرسی ئاو.
گفتوگۆکان لەگەڵ بەرپرسانی سعودیە
دواى کۆتاییهاتنی گەشتەکەی بۆ تورکیا، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕۆژى پێنجشەممە ڕوو لە سعودیە دەکات. لەوێ لەگەڵ شازادەى جێنشین و بەرپرسانى باڵاى ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە. تەوەرى سەرەکیی گفتوگۆکانیش بریتی دەبێت لە پەرەپێدانى پەیوەندییەکانى نێوان بەغداد و ڕیاز لە ئاستە جیاوازەکاندا.
واژۆکردنی ڕێککەوتنامە و یاداشتنامەکان
بڕیارە لە هەردوو وڵاتی تورکیا و سعودیە، عەلی زەیدی ژمارەیەک ڕێککەوتنامە و یاداشتنامەى لێکتێگەیشتن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان واژۆ بکات. ئەم هەنگاوە وەک هەوڵێک بۆ بەهێزکردنی پێگەی ئابووری و سیاسیی عێراق لە ناوچەکەدا دەبینرێت.
گەشتە دیپلۆماسییەکانی ئەم دواییەی زەیدی
ئەم سەردانانە لەکاتێکدایە کە سەرۆکوەزیران لەم مانگەدا چەند گەشتێکی گرنگی ئەنجامداوە؛ لە 13ـى ئەم مانگە سەردانى ئەمریکاى کرد و 48 ڕێککەوتننامە و لێکتێگەیشتنى واژۆکرد. هەروەها لە 23ـى مانگ سەردانى ئێرانى کرد و تێیدا ڕێککەوتنامەیەک و 3 یاداشتنامەى واژۆکرد.
3 کاتژمێر پێش ئێستا