لە دۆسیەی گوڵستان دۆکودا 18 تۆمەتباری دیکە دەستگیرکران
لە دۆسیەی گوڵستان دۆکودا کە پاش شەش ساڵ لە بێسەروشوێنبوونی کرایەوە، جگە لەو کەسانەی تاوەکو ئێستا بە فەرمانی دادوەر بەندکراون، 18 تۆمەتباری دیکە دەستگیرکران کە سەرجەمیان کارمەندی ئەمنین.
ئۆپراسیۆنی هاوکات لە 15 پارێزگا بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباران
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکاندا لە دۆسیەکە و بە فەرمانی داواکاری گشتیی لە ئەرزەرۆم و دێرسیم، لە 15 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی هاوكات ئەنجام درا.
18 کارمەندی ئەمنی دەستگیرکراون
لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنەکەدا 18 گومانلێکراو دەستگیرکراون کە بەڕێوەبەری ئاسایش، لێکۆڵەر، ئەفسەری ئاسایش و پۆلیس، کارمەندی داخڵکردنی زانیاریی و سێ ئەفسەری خانەنشینی پۆلیسن.
گوڵستان دۆکو تەمەن 21 شەش ساڵە بێسەرشوێنە
لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، پاش زیاتر لە شەش ساڵ دۆسیەی بێسەروشوێنبوونی گوڵستان دۆکو تەمەن 21 ساڵانی خوێندکاری زانکۆ لە باکووری کوردستان کرایەوە و لەچوارچێوەی دۆسییەکەدا 15 کەس فەرمانی بەندکردنیان بۆ دەرکرا کە تونجای سۆنەل، پارێزگاری ئەوکاتی دێرسیم و ژمارەیەک بەرپرس و کارمەندی حکومی و پۆلیسیان تێدابوو.
تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی و کوشتنی بە ئەنقەست
کوڕەکەی پارێزگار بە تۆمەتی "دەستدرێژیی سێکسی" و "کوشتنی بەئەنقەست" و پارێزگاریش بە تۆمەتی "شاردنەوەی بەڵگەکانی تاوان" لەلایەن دادگاوە بەندکران.
بەندکردن بە تاوانی لەناوبردنی بەڵگەکانی تاوان
لە چوارچێوەی هەمان دۆسییەدا، دادوەر فەرمانی بەندکردنی بۆ چوار کەسی دیکە دەرکرد کە هەریەک لە هاندان سۆنەل، هاوسەری تونجای سۆنەل پارێزگاری ئەوکاتی دێرسیم و مەهمەت ئاجایان تێدایە، بەندکردنیان بە تۆمەتی "لەناوبردنی بەڵگەکانی تاوان"ـە.
ڕووداوی بێسەروشوێن بوونی گوڵستان دۆکو
گوڵستان دۆکو، خەڵکی ئامەد، خوێندکاری قۆناغی دووەمی بەشی گەشەپێدانی منداڵان لە زانکۆی مونزور لە دێرسیم، لە 5ـی کانوونی دووەمی 2020 دوای ئەوەی بەشەناوخۆییەکەی جێهێشت، بێسەروشوێن بوو.
خێزانەکەی لە ڕۆژی بێسەروشوێنبوونی گوڵستانەوە چوونە دێرسیم و هێزە ئەمنییەکانیان ئاگادارکردەوە. دواتر هەڵمەتی گەڕان بەدوای گوڵستاندا دەستی پێکرد. بەڵام بە هیچ ئەنجامێک نەگەیشت.
3 کاتژمێر پێش ئێستا