پەرلەمانتارێکی کورد لە بەغداد زانیاری نوێ لەبارەی مووچەی فەرمانبەران و قەیرانی کەمیی دینار لە بانکەکان ئاشکرا دەکات و هۆشداری دەدات کە حکومەت بۆ مانگەکانی داهاتوو پەنا بۆ قەرزکردن دەبات.
دیلان غەفوور، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵ8 دڵنیایی دا کە مووچەی مانگی تەممووز خەرج دەکرێت، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەری هەیە دابەشکردنی کەمێک دوابکەوێت. ڕاشیگەیاند، ئەگەر کێشەی کەمیی پارەی نەختینە (سولفە) چارەسەر نەکرێت، حکومەتی فیدراڵ بۆ مانگەکانی داهاتوو ناچار دەبێت پەنا بۆ قەرزکردنی ناوخۆیی و دەرەکی ببات بۆ دابینکردنی مووچە.
سەبارەت بە دۆخی ئابووری و هەناردەی وزە، دیلان غەفوور ڕەخنەی لە حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق گرت و ڕایگەیاند، حکومەت پلانی تۆکمەی نەبووە بۆ زیادکردنی سەرچاوەکانی هەناردەی نەوت. ئاماژەی بەوەش کرد، عێراق تەنیا پشتی بە گەرووی هورمز بەستووە و نەیتوانیوە ڕێگەی جێگرەوە بدۆزێتەوە، ئەوەش لە کاتی قەیرانەکاندا وڵاتەکە تووشی کێشەی گەورەی دارایی دەکات.
لەبارەی هۆکاری نەبوونی دینار لە بانکەکاندا، ئەو پەرلەمانتارە ئاشکرای کرد، هۆکاری سەرەکیی نەمانی پارەی نەختینە ئەوەیە کە ئێستا پارە لە دەستی حکومەت و بانکەکاندا نەماوە. بە گوتەی دیلان غەفوور، پارە لای هاووڵاتییانە و لە ناو دیوار و ژێرزەمینی ماڵەکاندا شاردراوەتەوە، حکومەتیش لە ئێستادا ناتوانێت کۆنتڕۆڵی ئەو پارە نەختینەیە بکات و بیگەڕێنێتەوە ناو سیستەمی بانکی.
بەهۆی ئەم قەیرانی نەختینەیەوە، حکومەتی عێراق و وەزارەتی دارایی ڕووبەڕووی گرفتی گەورە بوونەتەوە لە دابینکردنی خەرجیی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و مووچە. دیلان غەفوور جەختی کردەوە کە ئەم دۆخە بارگرانیی زۆری بۆ دارایی گشتی دروستکردووە و پێویستی بە چاکسازیی ڕیشەیی هەیە لە سیستەمی دارایی و بانکیدا.