کۆمپانیای دی ئێن ئۆ ئامارەکانی بەرهەمهێنان، فرۆشتن و نرخی نەوتی بۆ نیوەی یەکەمی ئەمساڵ بڵاوکردەوە

یەسنا ئومێد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
کارمەندێکى کۆمپانیاى دی ئێن ئۆ لە کاتی کارکردندا
کارمەندێکى کۆمپانیاى دی ئێن ئۆ لە کاتی کارکردندا

کۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی، بڕی بەرهەمهێنانی نەوت و فرۆشتن و نرخەکەشی بۆ چارەکی یەکەم و دووەمی ئەمساڵ بڵاوکردەوە، بەگوێرەی ئامارەکان بێت لە چارەکی دووەمی ئەمساڵ ڕێژەی بەرهەمی نەوت لە کێڵگەکانی کوردستان بە ڕێژەیەکی زۆر کەمی کردووە.

ئاستی بەرهەمهێنانی ڕۆژانە لە هەردوو چارەکەکەدا

سەرچاوەکان لەبارەی ئاستی بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی نەوتەوە ڕایانگەیاند، بەگوێرەی ئامارەکانی دی ئێن ئۆی نەرویجی لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ، 39 هەزار و 600 بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بەرهەمهاتووە، ئەم ڕێژەیە لە چارەکی دووەم کە مانگەکانی نیسان تاوەکو کۆتایی حوزەیران دەگرێتەوە کەمی کردووە بۆ تەنیا 273 بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

ئامارەکانی فرۆشتنی نەوتی کێڵگەکانی کوردستان

کۆمپانیاکە لەبارەی فرۆشتنی نەوتەوە ئاشکرای کردووە، لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ لە ڕۆژێکدا 14 هەزار و 753 بەرمیل فرۆشراوە، بەڵام هیچ ئامارێکیان بۆ چارەکی دووەمی ئەمساڵ لە ڕووی فرۆشتنەوە لە کێڵگەکانی کوردستان بڵاونەکردووەتەوە.

نرخی بەرمیلێک نەوتی فرۆشراو

پێدراوەکان لەبارەی نرخی نەوتی فرۆشراوەوە دەریانخستووە، لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا بەرمیلێک نەوت لەلایەن کۆمپانیاکەوە بە 31 دۆلار فرۆشراوە، بەڵام بۆ چارەکی دووەم هیچ نرخێک بۆ نەوتی فرۆشراو دیارینەکراوە.

کاتی دەستپێکردنەوەی کارەکان لە کێڵگەکانی تاوکێ و پێشخابوور

کۆمپانیاکە لەبارەی دەستپێکردنەوەی چالاکییەکانیەوە لە کێڵگەکاندا نووسیویەتی، بەشێوەیەکی سنووردار کارەکانی کێڵگەی تاوکێ لە 9ی نیسان دەستیپێکردەوە، لە 28ی حوزەیرانیش جارێکی دیکە بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی تاوکێ بەفراوانی دەستیپێکردووە، لە 11ی تەمموز لە کێڵگەی پێشخابوور کارەکان دەستیانپێکردووەتەوە.

کاریگەرdی دۆخی ئەمنی لەسەر کارەکانی کۆمپانیاکە

کۆمپانیای دی ئێن ئۆ لەبارەی هۆکاری گەڕانەوەی کارەکانیەوە نووسیویەتی، بارودۆخی ئەمنی ناوچەکە، خێرایی گەڕانەوەی کارەکانی کۆمپانیاکە لە کێڵگەکانی کوردستان دیاری دەکات.

کۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی

دی ئێن ئۆ، کۆمپانیایەکی نەوت و گازی نەرویجییە لە ساڵی 1971 دامەزراوە، مۆڵەتی گەڕان و پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی نەوت و گازی لە هەرێمی کوردستان، نەرویج، بەریتانیا، کۆت دیڤوار، هۆڵەندا و یەمەن هەیە.

یەسنا ئومێد

2 کاتژمێر پێش ئێستا