
گوتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، هیچکاتێک حکومەت ڕێگەی نەداوە خاکەکەی بۆ هێرشی سەر وڵاتان بەکاربهێنرێت، ڕەتیشیدەکاتەوە مۆڵەت درابێت بۆ هێرشکردنە سەر هیچ شوێنێکی دیاریکراو لەناو خاکی عێراقدا.
حەیدەر عەبودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی عێراقییەی فەرمی ڕایگەیاند، ئەنجوومەنی وزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی، سەرکۆنەی هێرشە هاوبەشەکەی ئەمریکا و سعودیەی بۆسەر عێراق کردووە، کە پێشێلی سەروەریی نیشتمانییە.
دەشڵێت، حکومەت لەگەڵ چارەسەری دیپلۆماسی و گفتوگۆدایە، ئەو بژاردەیەش بە تاکە ڕێگەچارەی دوورخستنەوەی ناوچەکە دەزانێت لە قەیران و پەرەسەندنی زیاتر.
سەبارەت بە ڕێگەپێدانی حکومەت بۆ هێرشی سەر حەشدی شەعبی، حەیدەر عەبودی دەڵێت، عێراق ڕێگە نادات خاکەکەی بۆ هێرشی سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت، بەهیچ شێوەیەکیش ڕەزامەندی نەداوە بۆ ئەنجامدانی دەستدرێژی بۆسەر ناوچەیەک یان گرووپێکی دیاریکراو لە خاکی عێراق، دەشڵێت، حکومەت هیچ زانیارییەکی پێشوەختەی سەبارەت بەو هێرشانە نەبووە.
گوتەبێژی حکومەتی عێراق سەبارەت بەو سەردانەی بڕیاربوو سەرۆکوەزیران ڕۆژی 30ـی ئەم مانگە بۆ سعودیە ئەنجامیبدات، دەڵێت، سەردانەکە دوای دەستدرێژییەکانی ئەمدواییە هەڵپەسێردراوە.
حەیدەر عەبودی باسیلەوەشکردووە، داوایان لە سعودیە کردووە، هاوبەشییان پێ بکات لەو زانیارییانەی باس لەوە دەکەن لە عێراقەوە هێرشیکراوەتە سەر سعودیە، ئەوەشی گوت، لیژنە پێکهێنرا، بەڵام ڕاستیی ئەو پڕوپاگەندانە نەسەلمێنرا.
گوتەبێژی حکومەتی عێراق دەشڵێت، ڕۆژی 30 ئەیلوولی داهاتوو، دوایین وادەیە بۆ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، جەختی لەوە کردووەتەوە، هیچ کاتێک عێراق نابێتە بەشێک لە ململانێ هەرێمایەتییەکان.
سەبارەت بە سەردانەکەی زەیدی بۆ تورکیا، عەبودی دەڵێت، لەو سەردانەدا حکومەت واژۆی لەسەر جێبەجێکردنی ڕێگەی گەشەپێدان کردووە، کە ڕێگەیەکی ستراتیجییە و حکومەت هەوڵدەدات لەکاتی قەیرانەکاندا بتوانێت لە هەناردەی نەوت بەردەوام بێت.
