شاری سيوتای ئيسپانيا؛ بە جوگرافيا لە ئەفريقايە و لەڕووی ياساييەوە سەر بە ئيسپانيايە

رۆزا حیسام 2 کاتژمێر پێش ئێستا

سيوتا شارێکە بە جوگرافيا لە باکووری کيشوەری ئەفريقا، بەڵام بە ئيدارە سەر بە ئيسپانيا و يەکێتی ئەورووپايە و خەڵکەکەی خۆيان بە ئيسپانی دەزانن، دەريای ناوەڕاست شارەکەی لە خاکی ئيسپانيا دابڕيوە.هۆکاری ئەمەش بۆ ململانێی سەربازی و سەردەمی داگيرکاریی و کۆلۆنياليزم دەگەڕێتەوە، مێژووی شارەکە بەمجۆرەيە؛

داگیرکردنى شارەکە لەلایەن پورتوگالییەکان

لە ساڵی 1415 پورتوگالييەکان شارەکەيان داگيرکرد و لە دەستی دەسەڵاتدارە موسوڵمانەکانی ئەفريقايان سەند، دواتر لە ساڵی 1580 ئيسپانيا و پورتوگال يەکيانگرت و سيوتا کەوتە ژێر دەسەڵاتی کارگێڕی ئيسپانياوە.

سەربەخۆیی پورتوگال لە ئیسپانیا

کاتێک پورتوگال سەربەخۆیی خۆی لە ئیسپانیا بەدەستهێنا، خەڵکی شاری سیوتا دەنگیاندا کە لەگەڵ ئیسپانیادا بمێننەوە، لە ساڵی 1688ەوە پورتوگال بە فەرمی دانی بەوەدا ناوە کە سیوتا موڵکی ئیسپانیایە، بەڵام لەم نێوەندەدا مەغريب دانی بەوەدا نەناوە.

سەربەخۆیی مەغریب لە فەڕەنسا و ئیسپانیا

کاتێک مەغریب لە ساڵی 1956 سەربەخۆیی خۆی لە فەڕەنسا و ئیسپانیا بەدەستهێنا، ئیسپانیا ناوچە داگیرکراوە نوێیەکانی ڕادەستی مەغریب کردەوە، بەڵام سیوتا و شاری ميليا کە هاوشێوەی ئەوە لە ئەفريقا لای خۆی هێشتەوە.

ڕاى ئیسپانیا

ئیسپانیا دەڵێت، سیوتا لە سەدەی 17ەوە بەشێکی دانەبڕاوە لە شانشینی وڵاتەکە، واتە زۆر پێش ئەوەی دەوڵەتی ئێستای مەغریب بوونی هەبێت، بۆیە وەک شارێکی ئاسایی ئیسپانی وەک مەدرید و بەرشەلۆنە سەیری دەکەن نەک ناوچەیەکی داگیرکراو.

دانیشتووانەکەى ناسنامەى ئەورووپییان هەیە

شارەکە بە تەواوی ئیسپانییە، زۆرینەی دانیشتوانەکەی ناسنامەی ئەوروپییان هەیە و لە ڕووی یاساییەوە بەشێکە لە یەکێتیی ئەورووپا، بەڵام مەغریب شارەکە بە خاکێکی داگیرکراو دەزانێت بەهۆی پێگەی جوگرافییەکەیەوە و داوای گەڕاندنەوەی دەکات.

سیوتا نموونەیەک بۆ پێکەوە ژیان و فرە کلتوورى

لە ڕووی ژيان و کولتوورەوە شارەکە نمونەيەکی پێکەوە ژيان و فرە کولتوورە، بە نزيکەی نيوەی دانيشتووانەکەی کريستيانی ئيسپانين و نيوەشيان موسوڵمانی مەغريبين بەڵام ناسنامەی ئيسپانييان هەيە، زمانی ئیسپانی زمانی فەرمی قوتابخانەکان، فەرمانگەکان و میدیایە، بەڵام بە ڕەچەڵەک مەغريبييەکان لەناو خۆياندا بە عەرەبی قسە دەکەن.

جیاوازى چینایەتى

بەڵام سەرباری پێکەوە ژيان، جياوازی چينايەتی لە نێوان موسوڵمان و کريستيانەکاندا هەيە و زۆرينەی کريستيانەکان لە ناوەندەکانی شار و ناوچە لوکسەکاندا دەژين، لەکاتێکدا موسوڵمانەکان بەدەست هەژاری و کەمدەرامەتييەوە دەناڵێنن.

ڕێکارى تووند بۆ گەشتکردن بۆ سیوتا

لە بارەى هاتووچۆ لە نێوان شارەکانی مەغريب و سيوتا و مێليا، ئاسایی نييە و پێويستە ئەو کەسانەی دەچنە ئەو شارانە ڤيزا وەربگرن و ڕێکاری توند لە دەروازەکانی ئەو دوو شارە دەگيرێتەبەر.

سیوتا گرفتە گەورەکەى ئیسپانیا

ئەو گرفتەی کە ئەو دوو شارە بۆ ئيسپانيای درووستدەکەن پرسی کۆچبەرييە چونکە ساڵانە ژمارەيەکی بێشوومار کۆچبەر لەو دوو شارەوە و زۆر جار بە ڕێگەی مەلەکردن خۆيان دەگەيەننە کەنارەکانی ئيسپانيا، هەر ئەو ڕێگەی کۆچبەرييە وايکردووە زياتر لە يەک مليۆن مەغريبی لە ئيسپانيادا بژين و چەندين کەسايەتی ديار و لە ناوياندا ياريزانانی بە توانای ئەو وڵاتە بە ڕەچەڵەک مەغريبين.

لە 24 کاتژمێرى ڕابردوو چى ڕوویدا؟

لە نوێترين پێشهاتدا، لە 24کاتژمێری ڕابردوودا 49 هەزار کۆچبەری مەغریبی پەڕیوونەتەوە بۆ ئیسپانیا.

رۆزا حیسام

2 کاتژمێر پێش ئێستا