لێشاوی کۆچبەرانی مەغریبی بەرەو ئیسپانیا کاردانەوەی وڵاتانی ئەورووپای لێکەوتووەتەوە

شێوە عومەر 2 کاتژمێر پێش ئێستا
پەڕینەوەى مەغریبییەکان بۆ ئیسپانیا
پەڕینەوەى مەغریبییەکان بۆ ئیسپانیا

لێشاوی هەزاران کۆچبەر لە مەغریبەوە بەرەو ئیسپانیا، کاردانەوەی توندی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپای لێکەوتەوە و داوا دەکەن ئیسپانیا بارودۆخەکە کۆنترۆڵ بکات یان لە ڕێککەوتنی ناوچەی گەشتیاریی شنگن دووربخرێتەوە، کە ڕێگە بە هاتووچۆی بێ ڤیزای ژمارەیەک وڵاتانی ئەورووپا دەدات.

داواى دەرکردنى ئیسپانیا لە شنگن دەکرێت

جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، لەگەڵ ئەنتۆنیۆ تایانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا، داوا دەکەن ئیسپانیا لە ناوچەی گەشتیاریی شنگنی بێ ڤیزا دەربهێنرێت.

ئیتاڵیا بێدەنگ نابێت

مێلۆنی لە پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاند، سەرقاڵی کۆکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکانە، کاتێک کۆبوونەوەکان کۆتایی هاتن، دەستدەکەن بە هەنگاونان بۆ ئەم مەبەستە، مێلۆنی گوتیشی کە ئیتاڵیا بە بێدەنگی دانانیشێت و سەیری بارودۆخەکە بکات.

پەڕینەوەى مەغریبییەکان ترسى لاى ئەورووپیەکان دروستکردووە

هاوکات ئۆرسولا ڤۆن دێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، دۆخەکەی بە "قبوڵنەکراو" ناوبرد و لە تۆڕی ئێکس نوسیوویەتی: "ناتوانین ڕێگە بدەین هیچ کەسێک بێ گوێدانە ڕێساکانمان بێتە ناو یەکێتیی ئەورووپاوە، ڤۆن دێر لاین، داوایکرد دەستبەجێ پەڕینەوە مەترسیدارەکان بوەستێنرێن و تۆڕەکانی قاچاغچێتی هەڵبوەشێنرێنەوە، ئاماژەی بەوەشکرد پڕۆسەی گەڕاندنەوەی کۆچبەران دەبێت خێرا بێت.

لێشاوى پەڕینەوەى هاوڵاتییانى مەغریبى بۆ ئیسپانیا

چەند ڕۆژێکە لێشاوێکی کۆچبەرانی مەغریبی بەرەو ئیسپانیا دەستیپێکردووە، بەگوێرەی مەزەندەکانی وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیا، لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا، نزیکەی 49 هەزار کۆچبەر لە ڕێگەی دەریایی و وشکانییەوە لە مەغریبەوە پەڕیوونەتەوە بۆ ئیسپانیا و 18 کەسیش لەکاتی پەڕینەوەدا گیانیان لەدەستداوە.

بەرپرسانى کۆچ و کۆچبەران و حیزبە سیاسییەکانى ئەورووپا چى دەڵێن؟

لای خۆیەوە، یۆهان فۆرسێڵ، وەزیری کۆچ و گواستنەوەی سوید ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لەژێر ڕێکارە نوێکانی یەکێتیی ئەورووپادا، پەنابەران وەرناگرێت و جەختی لە پێویستیی توندترکردنەوەی چاودێری سنوورە دەرەکییەکانی یەکێتیی ئەورووپا و کەمکردنەوەی کۆچی نایاسایی کردەوە و گوتیشی، سوید بەشدارییەکەی تەنیا بە شێوەی دارایی دەبێت، ئەگەر میکانیزمی دابەشکردنەوەی کۆچبەران کارا بکرێت.

جیمی ئاکێسۆن، سەرۆکی پارتی دیموکراتەکانی سوید لەسەر لێشاوی کۆچبەرە مەغریبییەکان لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی:"ئەوەی ڕوودەدات هیچی دیکە نییە جگە لە داگیرکارییەک، پێویستە ئیسپانیا دەستبەجێ سنوورەکانی دابخات، ئەگەر ئەمە نەکات، دەبێت لە ناوچەی شنگن دەربکرێت".

هەروەها لەگەڵ قووڵبوونەوەی زیاتری قەیرانەکەدا، لۆران نونێز، وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا، کۆنتڕۆڵی توندتری سنوورەکانی لەگەڵ ئیسپانیا ڕاگەیاند.

ناوچەى شنگن

ناوچەی شنگن سیستمێکی سنووری کراوەیە، 29 وڵاتی ئەوروپی لەخۆدەگرێت و بە فەرمی پشکنینی سەر سنوورە هاوبەشەکانیان هەڵوەشاندووەتەوە.

شێوە عومەر

2 کاتژمێر پێش ئێستا