
پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا لەبارەی پاراستنی ئاسایشی شاری سیوتاوە ڕایگەیاند، دوای ئەوەی ژمارەیەکی زۆری کۆچبەران گەیشتنە نێو خاکی وڵاتەکەی، دڵنیایی دەداتە دانیشتووانی شارەکە کە حکومەتەکەی پشتیوانییان دەکات و هەموو ئامرازەکانی بەردەستیان بەکار دەهێنن بۆ گرەنتیکردنی ئاسایش و دیپۆرتکردنەوەی سەرجەم ئەو کۆچبەرانەی ڕوویان لە شاری سیوتا کردووە، کە ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمیی سەر بە ئیسپانیایە و لە وشکانییەوە بە خاکی مەغریبەوە لکاوە.
سانچێز لەبارەی هەماهەنگی لەگەڵ شانشینی مەغریب جەختی لەوە کردەوە، لەگەڵ ئەو وڵاتە گفتوگۆیان کردووە و ئەو یاسایە کارا دەکەنەوە کە ڕێگە بە دیپۆرتکردنەوەی ئەو کۆچبەرانە دەدات کە بە ڕێگەی ئاوی هاتوونەتە نێو ئیسپانیاوە.
سانچێز لەبارەی مەترسییەکانی قاچاخچێتییەوە گوتی، قاچاخچییەکان گەنجان فریو دەدەن و بەڵێنی گەیشتنیان بە خاکی ئەورووپا پێ دەدەن، بەڵام لە کۆتاییدا ڕووبەڕووی مەرگیان دەکەنەوە؛ هەروەها نیگەرانیی خۆیشی بەرامبەر بە گیانلەدەستدانی ئەو کۆچبەرانە دەربڕی کە لە ڕێگەی گەیشتن بە خاکی ئیسپانیا لە ئاوەکاندا خنکاون.
شارەوانیی سیوتا لەبارەی ئاماری کۆچبەرانەوە ڕایگەیاند، تەنیا لە ماوەی 24 کاتژمێردا نزیکەی 60 هەزار کۆچبەر لە مەغریبەوە چوونەتە ناو سیوتاوە، ئەوەش دەکاتە نزیکەی 70%ی دانیشتووانی شارەکە و لانیکەم 34 کۆچبەریش لە ڕێگەی گەیشتندا گیانیان لەدەست داوە.
سنووربەزاندنەکان ڕۆژی پێنجشەممە گەیشتە لووتکە و ڕۆژی هەینیش بەردەوام بوو، لە دیوی مەغریبیش پێکدادان لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و کۆچبەراندا ڕووی دا.
وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیا لەبارەی پرۆسەی گەڕاندنەوەی کۆچبەرانەوە ڕایگەیاند، 47 هەزار کۆچبەریان بۆ مەغریب سنوورداش کردووەتەوە.
دوای ئەوەی یاسایەکی نوێ لەلایەن دادگای هەرێمی ئەندەلوسی ئیسپانیاوە پەسەند کرا کە ڕێگریی لە دیپۆرتکردنەوەی ئەو کۆچبەرانە دەکرد کە بە ڕێگەی ئاوی دەگەنە وڵاتەکە، وای کرد کۆچبەران هەوڵ بدەن بە ڕێگەی ئاوی خۆیان بگەیەننە شارەکە.
بۆ گەیشتن بە سیوتا کە دەکەوێتە کەنارەکانی باکووری ئەفریقاوە و لایەکی بە خاکی مەغریبەوە لکاوە، کۆچبەران لە شارۆچکەی 'فنیدق'ی مەغریبەوە بە مەلە نزیکەی 5 کیلۆمەتر دەبڕن بۆ ئەوەی بگەنە خاکی ئیسپانیا.
هەندێکی دیکە هەوڵی پەڕینەوە دەدەن لە شارۆچکەی 'بێلیونش'ی مەغریبەوە، چونکە مەودایەکی کورتتر دەبڕن بۆ گەیشتن بە شارەکە.
سیوتا لە ساڵی 1580ـەوە سەر بە ئیسپانیایە، دانیشتووانەکەی تێکەڵاون لە کریستیان و موسڵمان، نەتەوەکانی ئیسپانی و مەغریبی بە هەمان ڕێژەی وەک یەک لەو شارەدا دەژین.




.jpg)
