
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لەبارەی بەهێزکردنی تواناکانی سوپاوە ڕایگەیاند، دوای هێرشەکانی ئەمریکا و سعوودیە بۆ سەر بارەگاکانی دەستەی حەشدی شەعبی، عێراق کار دەکات بۆ بەهێزکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی و چڕکردنەوەی چالاکییە هەواڵگرییەکانی.
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی گوت، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، فەرمانی کردووە بە بەرزکردنەوەی ئاستی ئاگادارکردنەوە و ئامادەباشی لە هەموو سەربازگە و بنکەکان و خێراکردنی جێبەجێکردنی پلانی پڕچەککردن بە سیستمەکانی ڕادار، ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و بەرگریی ئاسمانی مۆدێرن.
ئاماژەی بەوەش کرد، کار دەکرێت بۆ نوێکردنەوەی پلانە هەواڵگرییە خۆپارێزییەکان بۆ پوچەڵکردنەوەی هەر بە ئامانجگرتن یان هەوڵێکی دزەکردنی پێشوەختە. سەباح نوعمان، جەختی لەسەر کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت و ڕێگریکردن لە هەر هەڵسوکەوت یان جووڵەیەکی تاکەکەسی نابەرپرسانە کردەوە.
لێدوانەکەی نوعمان لە کاتێکدایە کە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو ئەمریکا و سعوودیە هێرشێکی ئاسمانییان کردە سەر چەند بارەگایەکی حەشدی شەعبی و لە ئەنجامدا 20 کەس کوژران؛ دوای هێرشەکە ڕیاز ئەو گرووپانەی تۆمەتبار کرد بە هێرشکردنە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی، کە بەغداد ڕەتیدەکاتەوە خاکی وڵاتەکەی وەک سەرچاوەیەک بۆ ئەنجامدانی هیچ هێرشێک بەکاربهێنرابێت.
