
زانیارییەک گەیشتووە بە کەناڵ8 دەریدەخات تورکیا لە لێواری گۆڕانکارییەکایە، دوای ئەوەی لیژنەی دادی پەرلەمان بە پەلە ڕەشنووسی یاسایەکی پەسەند کرد کە دەبێتە بنەما بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێیەکی 40 ساڵە و ڕێگە بۆ چەکداماڵینی تەواوەتی پەکەکە خۆش دەکات. ئەم پڕۆژەیە تەنیا لە 18 کاتژمێردا لە لیژنە تێپەڕی و بڕیارە ڕاستەوخۆ ببرێتە هۆڵی پەرلەمان بۆ پەسەندکردنی کۆتایی.
مێرال دانش بێشتاش، پەرلەمانتاری دەم پارتی ڕایگەیاند، پڕۆژەیاساکە دەرفەتی ئاشتی هەمیشەیی دەڕەخسێنێت و هەوڵ دەدەن لەگەڵ لایەنەکانی دیکە لە عەقڵیەتێکی هاوبەشدا کۆببنەوە بۆ چارەسەری کەموکوڕییەکان. لە بەرامبەردا، ئیدریس شاهین ئەندامی لیژنەی دادی پەرلەمان جەختی کردەوە کە پەرلەمان تاقە ناونیشانە بۆ چارەسەری پرسی پەکەکە، بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد کە تا ئێستا هەنگاوی دڵنیاکەرەوەی پێویست لەم بارەیەوە نەنراوە.
ئەم پڕۆژەیاسایە کە لە 12 ماددە پێکدێت، لەژێر ناوی "یاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی" ئامادە کراوە. دەستپێکی ئەم قۆناغە نوێیە دەگەڕێتەوە بۆ دەستپێشخەرییەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2024 کە تێیدا بانگەوازی بۆ چەکداماڵینی پەکەکە کرد. حکومەتی تورکیا دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم میکانیزمە یاساییەوە نەک تەنیا ململانێ چەکدارییەکان ڕابگرێت، بەڵکو دەرگای بەشداریپێکردنی سیاسیی کورد فراوانتر بکات و سەقامگیری بۆ وڵاتەکە بگەڕێنێتەوە.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
https://channel8.com/kurdish/news/221780
https://channel8.com/kurdish/news/224077
https://channel8.com/kurdish/news/223408





