
ئاژانسی هەواڵی دۆیچەڤێللەی ئەڵمانی بڵاویکردەوە، تورکیا، سعودیە و پاکستان ڕێککەوتننامەیەکی بەرگریی هاوبەشیان واژۆکرد کە بەڵێنی بەرگریکردن لە یەکدی لە بەرامبەر هێرشی گریمانەییدا لەخۆدەگرێت، لە کاتێکدا شارەزایان دەڵێن ئامانجی ڕاستەقینەی ڕێککەوتننامەکە ئێرانە.
ئەنقەرە ڕایگەیاندووە ڕێککەوتننامەکە هیچ وڵاتێک ناکاتە ئامانج و لەگەڵ پابەندییەکانی تورکیا لە چوارچێوەی ناتۆدا دژیەک نییە. ڕیاز ڕوونیکردووەتەوە ڕێککەوتننامەکە هەوڵێک نییە بۆ دروستکردنی میحوەرێکی سەربازی یان بلۆکێکی مەزهەبی. سەرچاوەیەکی نزیک لە سوپای سعودیە ڕایگەیاندووە ڕێککەوتننامەکە ماوەیەکی درێژە گفتوگۆی لەسەر کراوە، بەڵام پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە پرۆسەکەی خێراتر کردووە.
عومەر کەریم، شارەزای سیاسەتی دەرەوەی سعودیە لە زانکۆی بیرمنگهام، پێیوایە ئەم هاوبەشییە بە ڕوونی ڕووی لە ئێرانە و ئاماژەی بەوەدا تورکیا و پاکستان سنووری هاوبەشیان لەگەڵ ئێران هەیە. ئەندریاس کریگ لە زانکۆی کینگ کۆلێجی لەندەن ڕایگەیاندووە ڕێککەوتننامەکە خواستێکی ڕوون بۆ هەمەجۆرکردنی هاوپەیمانییەکانی دەرەوەی ئەمریکا نیشاندەدات، بەڵام ئاماژەی بەوەشدا سێ وڵاتەکە هەوڵ نادەن شوێنی ئەمریکا بگرنەوە، بەڵکو توانایەک دروستدەکەن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان کاتێک ئەمریکا پشتیوانی بەرگری دابین ناکات.
ئەم ڕێککەوتننامەیە لە کاتێکدا واژۆکراوە کە ئاگربەستی نێوان سعودیە و حوسییەکانی یەمەن تێکچووە و حوسییەکان لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا هێرشیان کردە سەر خاکی سعودیە. پێنجشەممەی ڕابردوو، حوسییەکان لەڕێگەی هێرشی مووشەکی و درۆنەوە لانیکەم 58 سەربازی سەر بە حکومەتی یەمەنیان کوشت، کە یەکێکە لە خوێناویترین ڕۆژەکانی ململانێی نێوان ئەو دوو لایەنە لەم ساڵانەی دواییدا. لەلایەکی دیکەوە، سعودیە و پاکستان لە ساڵی 2025دا ڕێککەوتننامەیەکی بەرگریی دوولایەنەیان واژۆکردبوو، لە کاتێکدا تورکیا ڕۆڵ لە دانوستانەکانی کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە دەگێڕێت و پاکستانیش وەک ناوبژیوان دەستپێشخەری دیپلۆماسی دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئەمریکا-ئێران.
زانیاریی زیاتر بۆ تۆ
https://channel8.com/kurdish/news/224495





