
ڕوونکردنەوەی زانیاریی کە بە کەناڵ8 گەیشتووە دەریدەخات کە نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی مەترسیدار بەرزبووەتەوە، بەجۆرێک لە هەندێک شار خەرجی مانگانەی سووتەمەنی یەکسانە بە تەواوی مووچەی فەرمانبەرێک، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە بڕیارەکانی حکومەتی کاربەڕێکەر نەک هەر کێشەکەیان چارەسەر نەکرد، بەڵکو قەیرانەکەیان قووڵتر کردەوە.
خەرجی مانگانەی شۆفێرێک بۆ 200 لیتر بەنزینی نۆرماڵ لە دهۆک دەگاتە 310,000 دینار، لەکاتێکدا هەمان بڕ لە سلێمانی 240,000 دینارە، ئەمەش جیاوازییەکی 70,000 دیناری لە نێوان ئەو دوو شارەدا دروست کردووە. دۆخەکە بۆ بەنزینی سوپەر قورسترە؛ لە دهۆک خەرجی مانگانە دەگاتە 500,000 دینار، کە ئەم بڕە یەکسانە بە تێکڕای مووچەی زۆربەی فەرمانبەران، لەکاتێکدا هەمان جۆری بەنزین لە هەڵەبجە تەنیا 310,000 دینار لەسەر هاونیشتمانییان دەکەوێت. بەم پێیەش نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ لە دهۆک یەکسانە بە نرخی یەک لیتر بەنزینی سوپەر لە پارێزگای هەڵەبجە.
لە 6ـی حوزەیران نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ لە هەولێر بۆ هەزار و 175 دینار بەرزبووەوە و رۆژێک دواتر لە سلێمانیش نرخ بەرزبووەوە و گەیشتە هەزار و 50 دینار، لەدوای ئەو رێکەوتەوە بەنزین رۆژ بە رۆژ نرخی بەرزتر دەبێتەوە، پێش 6ـی حوزەیران، لە هەرێمی کوردستان نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە نێوان 850 بۆ 900 دینار بوو.
بۆ دابەزینی نرخی بەنزین، 20ـی تەممووز وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نابێت نرخی بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی لیتری بە 850 دینار زیاتر بفرۆشرێت. رۆژێک دواتریش نرخی بەنزینی موحەسسەنی بە هەزار دینار و سووپەری بە هەزار و 200 دینار دیاریکرد، بەڵام جێبەجێ نەکرا و دوای چەند رۆژێک لە کەمیی بەنزین، 28ـی تەممووز بازاڕ ئازادکرا، ئێستا لە تابلۆی نرخی بەنزینخانەکان چەندین نرخی جیاواز دەبینیت.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
نرخی بەنزین لە هەرێم گەیشتە 2 هێندە و بڕیارەکانی حکومەت بێسوود بوون
بڕیارەکانى حکومەتى کاربەڕێکەر گرانبوونى زیاترى بەنزینیان لێکەوتووەتەوە
بڕیارەکانى حکومەتى کاربەڕێکەر نەیانتوانى کۆتایى بە قەیرانی بەنزین بهێنن
سامانە سروشتییەکان بۆ هەرزانکردنی بەنزین داوای نەوت لەعێراق دەکات

