سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەگەڵ بەرپرسی یەکە کارگێڕییەکان لەبارەی پرۆسەکە کۆدەبێتەوە

محەمەد عەلی 2 کاتژمێر پێش ئێستا
نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا
نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا

پووختەی هەواڵ

  • لە کۆبوونەوەکەدا 81 پارێزگار و وەزیری ناوخۆ بەشدار دەبن
  • لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێوەبەرانی ئاسایش و فەرماندەکانی جەندرمە بەشدار دەبن


پاش پەسەندکردنی یاسای چوارچێوە لە پەرلەمانی تورکیا، سبەی یەکەم هەنگاوی کردەیی لەچوارچێوەی جێبەجێکردنی یاساکەدا دەهاوێژرێت و نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و مستەفا چیفتچی، وەزیری ناوخۆ لەبارەی پرۆسەی چارەسەریی لەگەڵ پارێزگاری هەر 81 پارێزگاکەی تورکیادا کۆدەبنەوە.



وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ڕاگەیێنراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەکە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: "کۆبوونەوەکە کاتژمێر 15:00 لە هۆڵی کۆبوونەوە ئۆنڵاینەکانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ هەماهەنگیی لەبارەی پرۆسەی تورکیای بێتیرۆر بەڕێوەدەچێت".


ئامانج لە کۆبوونەوەکە

  • بەدواداچوونی پرۆسەکە لە پارێزگاکان
  • یەکگرتن و شیاندنەوەی کۆمەڵایەتی
  • هەڵسەنگاندان بۆبەڕێوەبەردنی کارەکانی پەیوەست بە شیرازەی گشتی


ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆبوونەوەکەدا نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، مستەفا چیفتچی و 81 پارێزگارەکەی تورکیا بەشداریی دەکەن و "بابەتەکانی پەیوەست بە بەدواداچوونی پرۆسەکە لە پارێزگاکان، یەکگرتن و شیاندنەوەی کۆمەڵایەتی و بەڕێوەبردنی کارەکانی پەیوەست بە شیرازەی گشتی هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت".

بەگوێرەی ڕاگەیێنراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها ئەو کێشە گریمانەکراوانەی ڕەنگە پارێزگارەکان و یەکە ئەمنییەکان لە چوارچێوەی پرۆسەکەدا لەڕووی مەیدانییەوە ڕووبەڕوویان ببەنەوە، تاوتوێدەکرێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیای تورکیا، بەڕێوەبەرانی ئاسایش و فەرماندەکانی جەندرمە لە پارێزگاکان لە کۆبوونەوە ئۆنڵاینەکەدا بەشداردەبن.
لەوبارەیەوە مستەفا چیفتچی، وەزیری ناوخۆی تورکیا بەر لە کۆبوونەوەکەی سبەی گوتی: "بۆ ئەوەی پرۆسەکە پەکی نەکەوێت، هەمووان ئەوەی دەکەوێتە سەر شانیان، جێبەجێی دەکەن".


 پێدانی ڕێنمایی بە کاربەدەستانی مەدەنی و یەکە ئەمنییەکان


هەر بە گوێرەی زانیارییەکان، ئەو ڕێنماییانەی دەدرێنە کاربەدەستانی مەدەنی و یەکە ئەمنییەکانی 81 پارێزگاکە، بڕبڕەی پشتی پرۆسەکە پێکدەهێنن. پارێزگاران وەک باڵاترین ڕێکخەری پرۆسەکە لەسەر ئاستی پارێزگاکانیان و بەرپرسی یەکەی کارگێڕیی لە ئەرکدا دەبن. هەماهەنگیی نێوان دامەزراوەکان ڕێکدەخەن و و زانیاریی دروست دەدەنە رای گشتی. کارمەندانی ئاسایش لە ناوەندی شارەکان و هێزەکانی جەندرمە لە گوندەوارەکاندا لە پاراستنی شیرازەی گشتی و ئاسایشدا لەکاردا دەبن.

یاسای چوارچێوە کە زەمینەی یاسایی پرۆسەی چارەسەریی لە تورکیا پێکدەهێنێت، دوێنێ لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا پەسەند کرا. لە کۆی 592 پەرلەمانتاری تورکیا، 562 پەرلەمانتار بەشدارییان لە دەنگداندا کرد و یاسای چوارچێوە بە دەنگی بەڵێی 467 پەرلەمانتار پەسەندکرا.

زانیاری زیاتر بۆ تۆ

لیژنەی داد لە پەرلەمانی تورکیا پرۆژەیاسای چوارچێوەی پەسەند کرد

پەرلەمانی تورکیا بۆ پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای چوارچێوە کۆدەبێتەوە

بەڕێوەبەریی تەڤگەر: یاسای پڕۆسەکە هەڵە و کەموکورتی جددی تێدایە

دەمیرتاش پەیامێک لەبارەی یاسای چوارچێوە ئاڕاستەی پەرلەمان دەکات

محەمەد عەلی

2 کاتژمێر پێش ئێستا