بەڕێوەبەریی تەڤگەر: یاسای پڕۆسەکە هەڵە و کەموکورتی جددی تێدایە

عەدنان ئەحمەد 1 کاتژمێر پێش ئێستا

پووختەی هەواڵەکە:

  • بەڕێوەبەریی تەڤگەر: بەبێ ئازادیی ژیان و کارکردنی ئۆجەلان یاساکە جێبەجێ نابێت
  • بەڕێوەبەریی تەڤگەر: زمانی یاساکە مایەی قبوڵکردن نییە
  • بەڕێوەبەریی تەڤگەر: ئەوەی لەسەر شانمان بووە جێبەجێمان کردووە
  • بەڕێوەبەریی تەڤگەر: یاساکە تەنیا بە هەماهەنگی ئۆجەلان جێبەجێ دەبێت
  • بەڕێوەبەریی تەڤگەر: ئۆجەلان لەگەڵ دەوڵەت و ئێمەش لە پەیوەندیدا بوو
  • بەڕێوەبەریی تەڤگەر: ئەندامە گەڕاوەکانمان دەستگیر بکرێن کەس ناتوانێت بگەڕێتەوە

بەڕێوەبەریی تەڤگەر کە لە دوای بەڕێوەبەریی تەڤگەر ، لەبری بزووتنەوەکە لێدوان دەدات، بۆچوونی خۆی سەبارەت بە پڕۆژەیاسا 12 ماددەییەکەی پڕۆسەی ئاشتی ڕاگەیاند. تەڤگەر مەرجی بۆ جێبەجێکردنی یاساکە هەیە و دەشڵێت، هەڵە و کەموکوڕیی زۆر لە یاساکەدا هەیە.


تەڤگەر جێبەجێبوونی زۆربەی خاڵەکان بە ئەستەم دەزانێت

لە ڕاگەیێنراوەکەی تەڤگەردا ئاماژە بەوە کراوە، لە ڕەشنووسەکەدا هەڵە و کەموکوڕیی جدی هەن و ئەگەر عەبدوڵا ئۆجەلان لە دۆخی ئازادیی ژیان و کارکردندا نەبێت و سەرپەرشتی پڕۆسەکە نەکات، زۆربەی ئەو خاڵانەی یاساکە ئاماژەی پێکردوون جێبەجێ نابن.

دیاترین کەمووکوڕییەکان بەلای تەڤگەرەوە

  •  بەکارنەهێنانی چەمکی کورد
  • تەنیا باسکردنی چەکداماڵین
  • بەشێوەیەکی گشتگیر تەماشای کێشەی کورد نەکراوە
  • بەکارهێنانی ئەو زمانەی یاساکە مایەی قبوڵکردن نییە



تەڤگەر لە درێژەی باسکردن لە کەموکوڕییەکان دەڵێت، لەم یاسایەدا بەبێ بەکارهێنانی چەمکی کورد، تەنیا باسی چەکداماڵین کراوە، ئەمەش ئەوە دەگەیێنێت کە بە شێوەیەکی فراوان و گشتگیر تەماشای کێشەی کورد نەکراوە. هەر بۆیە ئەو زمانەی لە یاساکەدا بەکارهێنراوە، لەلایەن بزووتنەوەکەیان و کوردەوە، مایەی قبوڵکردن نییە.

تەڤگەرەکە دەڵێت، بزووتنەوەکەیان لە ڕابردوودا لەسەر بنەمای بانگەوازەکەی ئۆجەلان، ئەوەی لەسەر شانیان بووە بۆ پێشخستنی پڕۆسەکە کردوویانە.

پەیوەندی و دیالۆگی ئۆجەلان لەگەڵ دەوڵەت و پارتی دەم



بەڕێوەبەریی تەڤگەر ئاماژە بەوەشدەکات، ئۆجەلان لە چوارچێوەی پڕۆسەکەدا لەگەڵ بەرپرسانی دەوڵەت، پارتی دەم و بزووتنەوەکەیان لە پەیوەندی و دیالۆگدا بوو، بۆ دەرکردنی یاسایەکی بنەڕەتیی، کە ڕێگا بۆ دیموکراتیزەکردن و چارەسەری پرسی کورد خۆش بکات.

تەڤگەرەکە بەبێ ئەوەی ناوی بهێنێت، ئیی پارتی بە ئاڕاستەیەکی دژە کورد ناو دەبات، کە دژایەتیی یاساکەیان کرد و دەنگیان پێنەدا.

لەبارەی دۆخی ئۆجەلان تەڤگەرەکە دەڵێت، پرۆسەکە بە ئازادی ژیان و ئازادی کارکردنی ئۆجەلان گەشە دەکات. هەموو ئەو هەنگاوانەشی تاوەکو ئێستا ناویانە، بە پێشبینیکردنی ئەوە بووە کە ئۆجەلان بە ئازادی بژی و کار بکات.

پەراوێزخشتنی ڕۆڵی ئۆجەلان


بەڕێوەبەریی تەڤگەر ڕەخنە لەوە دەگرێت کە لە یاساکەدا، ئاماژە بە ڕۆڵی ئۆجەلان نەکراوە، هەربۆیە ئەگەر ئۆجەلان سەرپەرشتیی ئەو ئەنجوومەنە نەکات کە پێکدەهێنرێت، خاڵەکانی یاساکە بەدینایەن.

تەڤگەر باس لەوە دەکات، ناتوانرێت ئەم یاسایە بە سەپاندنی تاکلایەنە جێبەجێبکرێت و پێویستە ڕێگا و شێوازی داهێنەرانە بگیرێتەبەر، هاوکات بەو یاسا دیموکراتییە نوێیانەی کە دەردەچن، دەوڵەمەند بکرێت.

سەرەڕای ڕەخنەکان تەڤگەر دەڵێت، پێویستە ئەم یاسایە بەبێ دواکەوتن و لە ڕێگەی ئەو یاسا و ڕێکارانەی کە دیموکراتیزەکردن گرەنتی دەکەن، بگەیەنرێتە ئامانجەکانی. هاوکات پێویستە ئەم یاسایە ببێتە سەرەتایەک، کە پێشهاتەکانی دواتر مسۆگەر بکات.

لە بارەی گەڕانەوەی ئەندامەکانی تەڤگەر



لەبارەی گەڕانەوەی ئەندامەکانیان بۆ تورکیاش بەڕێوەبەریی تەڤگەر هۆشداری دەدات و دەڵێت، ئەگەر ئەندامەکانیان چەک دابنێن و بگەڕێنەوە تورکیا، نەتوانن لەسەر بنەمای ئازادی بیرکردنەوە و ڕێکخستن سیاسەتی دیموکراسییانە بکەن و بەهۆی ئەو قسانەی کە دەیکەن و ئەو ڕێکخستنانەی کە دروستیان دەکەن تۆمەتبار بکرێن و بخرێتە زیندانەوە، نەک ئەندامەکانیان، تەنانەت ئەو سیاسیانەش کە بە ناچاری چوونەتە ئەوروپا ناتوانن بگەڕێنەوە.

تەڤگەر، یاساکە بە قۆناغی سەرەتا ناو دەبات بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و دەڵێت، پێویستە گەل و هەموو هێزە دیموکراتیخوازەکان بۆ دیموکراتیزەکردن و چارەسەری پرسی کورد خۆیان ڕێکبخەن و خەبات بکەن. ئەو کاتە یاسا دەرچووەکە دەتوانێت ڕۆڵی یاسای بنچینەیی ببینێت و ببێتە سەرەتایەک بۆ پێشهاتەکانی دواتر.

زانیاری زیتر بۆ تۆ

لیژنەی داد لە پەرلەمانی تورکیا پرۆژەیاسای چوارچێوەی پەسەند کرد

تەمەللی: ڕۆڵی ئۆجەلان لە قۆناغی پاش دەرچوونی یاساکە گرنگتر دەبێت

عەبدولقادر سەلڤی لە زاری ئاکن گویرلەک: ئۆجەلان و دەمیرتاش ئازاد ناکرێن

ئەنجوومەنی ئاسایشی تورکیا چەکدانانی پەکەکە و پڕۆسەی چارەسەری تاوتوێ دەکات

چارەنووسی عەبدوڵا ئۆجەلان لە پڕۆسەی ئاشتیدا ناڕوونە

ڕەشنووسی یاسای هاودەنگیی نیشتمانی و چەکداماڵینی پەکەکە ئاشکرا کرا

عەدنان ئەحمەد

1 کاتژمێر پێش ئێستا