دەمیرتاش پەیامێک لەبارەی یاسای چوارچێوە ئاڕاستەی پەرلەمان دەکات

محەمەد عەلی 3 کاتژمێر پێش ئێستا
سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە
سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە

پووختەی هەواڵەکە:

  • دەمیرتاش: سوپاسی ئەردۆغان و باخچەلی و ئۆجەلان دەکەین
  • دەمیرتاش: ئەم هەنگاوە دەرگا بەڕووی سیاسەتدا لە تورکیا دەکاتەوە

سەڵاحەدین دەمیرتاش، سیاسەتمەداری باکووری کوردستان و تورکیا لەبارەی گەیشتنی ڕەشنووسی یاسای چوارچێوە بە پەرلەمانی تورکیا دەڵێت: "بڕیارە هەموومان پێکەوە هەنگاوێکی دیکە لە هەوڵێکی مێژوویی ئاشتیدا بهاوێژین، کە دەتوانێت چارەنووسی وڵاتەکەمان و ناوچەکەمان بە شێوەیەکی بنەڕەتی بگۆڕێت".


پەیامێک بۆ پەرلەمانی تورکیا

  •  پشتیوانی لە ئارامی و خۆشگوزەرانی 86 ملیۆن دانیشتووی تورکیا
  • پرۆسەکە دابەشبوون و جیابوونەوە نییە
  • جەختکردنەوە لە هەستی پێکەوە بوونی کورد و تورک
  • با دەنگدانی پەرلەمانتاران بۆ ئاشتی و  یەکێتی بێت


سەڵاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە و سیاسەتمەداری دەستبەسەری تورکیا و باکووری کوردستان، لەگەڵ سەلچوک مزراکڵی، سەرۆکی پێشووتری شارەوانیی ئامەد، پەیامێکیان لەبارەی پرۆسەکەوە ئاڕاستەی پەرلەمانی تورکیا کردووە و ئاماژە بەوە دەکات سەرەڕای بوونی مشتومڕ، ڕەخنە و پێشنیاز بەڵام ئەوان "لەناخی دڵەوە، بەوپەڕی دڵسۆزی و جدییەتەوە، تەنیا بۆ بەهێزکردنی ئارامی، خۆشگوزەرانی و دۆستایەتی 86 ملیۆن دانیشتووی تورکیا بەشداری ئەم پرۆسەیە بوون و بە هەموو هێزیانەوە پشتیوانیمان لێکردووە".

بۆ ئەوانەی گوومانیان لە پرۆسەکە هەیە


دەمیرتاش و مزراکڵی ئاماژەیان بەوەکردووە، ئەم پرۆسەیە پرۆسەی دابەشبوون و لێکجیابوونەوە نییە و بە پێویستیان زانیوە، هیچ کەسێک بەدوای حیساباتی شاراوە و پیلانە گڵاوەکانەوە بێت و دەڵێن: "ئەو لایەنانەی گوومانیان لە پرۆسەکە هەیە جگە لە هەستی پێکەوە بوونی کورد و تورک و هەستی بۆ تورکیابوون، هیچ شتێکی تریان دەستناکەوێت".

بەپێویستیشیان زانیوە، بە هەڵوێستێکی بەویقارانە و پێگەیشتووەوە بێ ئەوەی هیچ کەسێک ببێتە هۆی دروستبوونی دیمەنی سەرکەوتن و نمایش یان هێنانەئارای هەستی دۆڕاوی و دڕدۆنگی، پرۆسەکە بەرەو پێشەوە ببرێت.

دەمیرتاش و مزراکڵی، کە هەردووکیان لە گرتووخانەی ئەدیرنە دەستبەسەرن، هیوایان خواستووە هەر دەنگێک کە پەرلەمانتاران دەیدەن لە پێناو بەهێزکردنی ئاشتی، یەکێتی و برادەرایەتیدا بێت، و ڕەخنەکان لەسەر بنەمایەکی بنیاتنەر دەرببڕدرێن.

"ئەم هەنگاوە دەبێتە مایەی خێر بۆ هەمووان"



دەشڵێن ئەم هەنگاوە کە دەبێتە مایەی خێر بۆ هەمووان، دەرگای نوێ بەڕووی سیاسەتدا دەکاتەوە. ئەمە جگە لەوەی سووپاسی هەریەک لە ئەردۆغان، باخچەلی و ئۆجەلانیان کردووە و هەروەها سووپاسی سەرۆکی تەواوی پارتە سیاسییەکانی کردووە بە نەیار و دژەکانی پرۆسەکەشەوە و دەڵێن بە ڕەخنە نەرێنییەکانیان، تەنانەت ئەگەر بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆش بێت، هاوکاری پرۆسەکە بوون.

زانیاری زیاتر بۆ تۆ

بەڕێوەبەریی تەڤگەر: یاسای پڕۆسەکە هەڵە و کەموکورتی جددی تێدایە

لیژنەی داد لە پەرلەمانی تورکیا پرۆژەیاسای چوارچێوەی پەسەند کرد

تەمەللی: ڕۆڵی ئۆجەلان لە قۆناغی پاش دەرچوونی یاساکە گرنگتر دەبێت

ئەنجوومەنی ئاسایشی تورکیا چەکدانانی پەکەکە و پڕۆسەی چارەسەری تاوتوێ دەکات

چارەنووسی عەبدوڵا ئۆجەلان لە پڕۆسەی ئاشتیدا ناڕوونە

محەمەد عەلی

3 کاتژمێر پێش ئێستا