
لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراقەوە، هەوڵەکان بۆ دابینکردنى بەنزینى پاڵپشتیکراوى حکومى بۆ هەرێمى کوردستان چڕکراونەتەوە، بڕیارە ئەم هەفتەیە لیژنەى نەوت و گاز، ستافى وەزارەتى نەوت و کۆمپانیاى دابەشکردنى بەرهەمە نەوتییەکان و وەزارەتى سامانە سروشتییەکانى هەرێمى کوردستان بانگێشت بکات بۆ گفتوگۆکردن لەبارەى دابینکردنى بەنزینى پاڵپشتیکراو بۆ هەرێمى کوردستان.
قەیرانى بەنزین لە هەرێمى کوردستان، بەردەوامە، سەربارى بڕیارەکانى وەزارەتى سامانە سروشتییەکان، تەرخانکردنی بەنزینی 750 دیناری بۆ زۆرینەی بەنزینخانەکان لە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان، بەڵام نرخى بەنزین هێشتا بەرزە، ئەوەش بارگرانییەکى زۆرى بۆ شۆفێران دروستکردووە.
ئێستا لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، هەوڵێکى زۆر هەیە بۆ هەموارکردنەوەى ئەو ڕێککەوتنەى لە ئەیلوولى ساڵى ڕابردوو بۆ ڕادەستکردنى نەوت لەنێوان هەردوو حکومەتى فیدراڵ و هەرێمى کوردستان و کۆمپانیاکانى بەرهەمهێنانى نەوت کراوە.
غالب محەممەد، ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانی عێراق لە پەیامێکى ڤیدیۆیدا ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ کۆمپانیاى سۆمۆ جەختیان لە تەرخانکردنى سووتەمەنیى پاڵپشتیکراو بۆ هەرێمى کوردستان کردووەتەوە.
گوتیشى، یەکێک لە تەوەرەکانى کۆبوونەوەکە گفتتوگۆکردن بووە لەسەر ئەو 50 هەزار بەرمیل نەوتەى بۆ هەرێمى کوردستان تەرخان دەکرێت، بەگوێرەى ڕێککەوتنەکە پێویستە نەوت و بەنزین بە نرخی پاڵپشتیکراو، بەجۆرێک، بەنزین 450دینار لیترێک و بەرمیلێک نەوت30 هەزار دینار بە هاونیشتمانییانى هەرێمى کوردستان بدرێت.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەى بەوەشکرد، کارەکانیان بۆ چارەسەرکردنى قەیرانى بەنزین بەردەوام دەبێت و ئەم هەفتەیە بانگێشتى ستافى وەزارەتى نەوت و کۆمپانیاى دابەشکردنى بەرهەمە نەوتییەکان و وەزارەتى سامانە سروشتییەکان دەکەن تاوەکو بڕیار لەبارەى دابینکردنى بەنزینى 450 دینارى بۆ هەرێمى کوردستان بدرێت.
بناس دۆسکى، ئەندامى لیژنەى نەوت و گاز لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، عەلى زەیدى بە پەرلەمانتارە کوردەکانى گوتووە، بانگێشتى شاندێکى باڵاى هەرێمى کوردستان دەکات بۆ چارەسەرکردنى ئەو کێشە هەڵپەسێردراوانەى لەنێوان هەردوولا هەیە لە نێویشیاندا کێشەى بەنزین.
هەر لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، واژۆى زیاتر لە 160 پەرلەمانتار کۆکراوەتەوە، تاوەکو ئەنجوومەنى نوێنەران، پشکى هەرێمى کوردستان لە 50 هەزار بەرمیلەوە بۆ 140 هەزار بەرمیل نەوت زیاد بکرێت، ئەو پێیەى ژمارەى دانیشتووانى هەرێمى کوردستان 14%ـى کۆى دانیشتووانى عێراقە.
لە چەند ڕۆژى ڕابردووشدا، باسم محەممەد خزەیر، وەزیرى نەوتى عێراق، ئامادەیی پیشاندا بۆ هەموارکردنەوەى ڕێککەوتنەکە.
گوتیشى، بەر لە واژۆکردنى ڕێککەوتنەکەش، ئامادەبوون سووتەمەنیى پاڵپشتیکراو هاوشێوەى پارێزگاکانى عێراق بۆ هەرێمى کوردستانیش دابین بکەن، ئەگەر هەرێمى کوردستان 50 هەزار بەرمیلەکەیان ڕادەستبکات، وەک خۆی دەڵێت، بەڵام هەرێمى کوردستان ڕژدبووە لەسەر وەرگرتنى 50 هەزار بەرمیلەکە و لە ئەستۆگرتنى بەرپرسیارێتیى دابینکردنى بەرهەمە نەوتییەکان.
لە وەڵامى وەزیرى نەوتى عێراق، کەمال محەممەد، وەزیرى سامانە سروشتییەکان ڕایگەیاندووە، دیاریکردنی پەنجا هەزار بەرمیل بۆ بەکارهێنانی ناوخۆی هەرێمى کوردستان، ئەنجامی ڕێککەوتنێکی کاتی بووە و بە خواست و ویستی ئەوان نەبووە.
کەمال محەممەد ئاماژەى بەوەشکردووە، ئەگەر وەزارەتی نەوتی فیدراڵی ئامادەن گفتوگۆ لە سەر دابینکردنی هەموو جۆرە سووتەمەنییەک بە نرخی پاڵپشتیکراو بەگوێرەى ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمى کوردستان بکەن، ئەوا بە ڕەچاوکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمى کوردستان ئامادەن دانوستان بکەن و پشکی ڕاستەقینە و دادپەروەرانەی هەرێمی کوردستان وەک هەموو ناوچەکانی دیکەی عێراق دیاریبکرێت.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان بڕیارێکى دیکەى لەبارەى نرخى بەنزین دەرکرد
کۆبوونەوەی لیژنەی نەوت و سۆمۆ لەسەر بەنزینی هەرێمی کوردستان
بەنزین و مووچە جوڵەی گەشتیاریی ناوخۆیان لە هەرێمی کوردستان پەکخستووە