پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران بە تێچووی 94 ملیار دینار کارادەکرێتەوە
پووختەی هەواڵەکە:
- زیاتر لە 350 هەزار فەرمانبەری شارستانی و مامۆستا پلەکانیان بەرزدەکرێتەوە.
- تێچووی مانگانەی پلەبەرزکردنەوە بۆ هەموو کەرتەکان 94 ملیار دینارە.
- بڕیاری پلەبەرزکردنەوە خانەنشینانیش دەگرێتەوە و لە 2027 جێبەجێ دەکرێت.
- هەر فەرمانبەرێک 3 بۆ 4 پلەی دواکەوتووە و لە ساڵی 2016ەوە ڕاگیراوە.
زانیاریی گەیشتووە بە کەناڵ8 ئاماژە بەوە دەکەن دوای 11 ساڵ لە ڕاگرتنی نایاسایی، دۆسیەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی شارستانی دەکرێتەوە. ئەم هەنگاوە تەنها گۆڕانکارییەکی کارگێڕی نییە، بەڵکو گەڕاندنەوەی مافە بۆ زیاتر لە 350 هەزار مامۆستا و فەرمانبەر کە هەر یەکێکیان 3 بۆ 4 پلەیان دواکەوتووە و کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر مووچەی خانەنشینییان دەبێت.
لایەنی دارایی و کارگێڕی (وەزارەتی دارایی): ماکوان جەمیل، بەڕێوەبەرى گشتى بودجەى هەرێمى کوردستان لە وەزارەتى دارایی بە کەناڵ8ـى گوت
- پلەبەرزکردنەوە لە 1ی کانوونی دووەمی 2027 دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
- خەرجیی مانگانەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی شارستانی 67 بۆ 68 ملیار دینارە.
- تێچووی پلەبەرزکردنەوەی کەرتی سەربازی 27 ملیار دینارە و کۆی گشتی خەرجی مانگانە دەگاتە 94 ملیار دینار.
- بڕیارەکە ئەو فەرمانبەرانەش دەگرێتەوە کە لەم ماوەیەدا خانەنشین بوون تاوەکو پلەی شایستەیان بۆ بگەڕێتەوە.
- داوا لە فەرمانگەکان کراوە تاوەکو 1ی تشرینی یەکەم خشتەی پلەبەرزکردنەوەکان تەواو بکەن.
ئامار و زانیارییەکانی ڕاژە:
- ژمارەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی لە هەرێمی کوردستان 382,250 کەسە.
- لەو ژمارەیە 122,000یان مامۆستان و 260,250یان فەرمانبەری شارستانین.
- پلەبەرزکردنەوەی سەربازی لە 2020ەوە دەستیپێکردووەتەوە، بەڵام بۆ شارستانی ڕاگیرابوو.
- تێچووی ساڵانەی ئەم پڕۆسەیە بە 1 تریلیۆن و 150 ملیار دینار دەخەمڵێنرێت.
بەگوێرەی یاسای ڕاژەی شارستانی ژمارە 24ی ساڵی 1960 و یاسای مووچەی فەرمانبەران ژمارە 22ی ساڵی 2008، دەبوو هەر 4 ساڵ جارێک پلەی فەرمانبەر بەرزبکرێتەوە. وەزارەتی دارایی ئێستا کار لەسەر جێگیرکردنی ئەم شایستە داراییانە لە بودجەی 2027 دەکات، تاوەکو فەرمانبەران بتوانن سوود لەو جیاوازییە داراییە وەربگرن کە لە ساڵی 2016ەوە لێیان بڕدراوە.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
عێراق پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەستپێدەکاتەوە و هەرێمی کوردستانیش داتاکان ئامادە دەکات
وەزارەتى دارایی ڕێکارەکانى بۆ دەستپێکردنەوەى پلە بەرزکردنەوە ڕاگەیاند
وەزارەتى دارایی ڕێکارەکانى بۆ دەستپێکردنەوەى پلە بەرزکردنەوە ڕاگەیاند
فالح سارى: دەست بە ڕێکارەکانى پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەران بکەن
3 کاتژمێر پێش ئێستا