وەزارەتی دارایی عێراق لیستی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی دەوێت

کەناڵ8 1 کاتژمێر پێش ئێستا
ژمارەیەک کارمەند سەرقاڵى پرۆسەى تۆمارکردن و پیاداچوونەوە بە لیستی ناوی کارمەنداندا. فۆتۆ: کەناڵ8
ژمارەیەک کارمەند سەرقاڵى پرۆسەى تۆمارکردن و پیاداچوونەوە بە لیستی ناوی کارمەنداندا. فۆتۆ: کەناڵ8

پووختەی هەواڵەکە:

  • وەزارەتی دارایی عێراق پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەخاتە نێو پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027.
  • داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە لیستی تەواوی ئەو فەرمانبەرانە ئامادە بکەن کە شایستەی پلەبەرزکردنەوەن.
  • دوای 11 ساڵ لە ڕاگرتنی، بڕیارە ساڵی داهاتوو پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی شارستانی دەستپێبکاتەوە.
  • تیمێکی هاوبەشی دارایی بەغداد و هەولێر سەرقاڵی وردبینیکردنی ژمارەی فەرمانبەران و شایستە داراییەکانیانن.

زانیارییەک گەیشتووە بە کەناڵ8 ئاماژە بە کۆتاییهاتنی سڕکردنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکات کە بۆ ماوەی 11 ساڵ بەهۆی قەیرانی داراییەوە ڕاگیرابوو. وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەیەوێت لە ڕێگەی بودجەی ساڵی 2027ـەوە تەواوی ئەو پلە و شایستە فەوتاوانە بگەڕێنێتەوە کە فەرمانبەران بەپێی ساڵانی خزمەتیان شایستەی دەبن. ئەم هەنگاوە دەرگای بۆ یەکلاکردنەوەی یەکێک لە گەورەترین دۆسیە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد کردووەتەوە.


سروە محەممەد، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە کەناڵ8ـی ڕایگەیاند:

  • وەزارەتی دارایی عێراق دەیەوێت بزانێت کۆی ژمارەی فەرمانبەران چەندە و چەندیان پلەکانیان بەرز نەکراوەتەوە.
  • پڕۆژەی پلەبەرزکردنەوە بەشێکە لە ئامادەکارییەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027.
  • نوێنەری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە ناو تیمە هاوبەشەکاندا بەشدارە بۆ داڕشتنی پڕۆژەکە.
  • نووسراوی فەرمی ئاڕاستەی هەرێمی کوردستان کراوە بۆ ئەوەی لیستی ناوی فەرمانبەرە شایستەکان ڕەوانە بکەن.

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان:

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان هەفتەی ڕابردوو گشتاندنی بۆ سەرجەم دامەزراوەکان کردووە بۆ ئامادەکردنی لیستەکان. د. ماکوان جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە ئاشکرای کردووە کە هەر فەرمانبەرێک چەند پلەی فەوتابێت بۆی دەگەڕێندرێتەوە و بەپێی کۆی ساڵانی خزمەتەکەی پلە نوێیەکەی بۆ دیاری دەکرێت.

پاشخان و هۆکاری ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوە:

پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی شارستانی لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2016ـەوە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ڕاگیراوە. ئەم پڕۆسەیە کە نزیکەی 11 ساڵە وەستاوە، کاریگەریی گەورەی لەسەر مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵەکانی فەرمانبەران هەبووە، بەڵام جێگیرکردنی لە بودجەی 2027ـی عێراق دەبێتە گەرەنتییەک بۆ خەرجکردنی شایستەکان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە.

زانیاری زیاتر بۆ تۆ

پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران بە تێچووی 94 ملیار دینار کارادەکرێتەوە

پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەخرێتە ناو بودجەی ساڵی 2027

کەناڵ8 زانیاری نەبیستراو لەبارەى پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەران ئاشکرا دەکات

کەناڵ8

1 کاتژمێر پێش ئێستا