ئەردۆغان: ڕەنگە میسریش ببێتە بەشێک لە ڕێککەوتننامەى مەککە

محەمەد عەلی 3 کاتژمێر پێش ئێستا
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا

پووختەی هەواڵەکە:

  • ڕێککەوتنە سێقۆڵییەکە کراوەیە بە ڕووی وڵاتانی نوێدا بۆ بەشداریکرد
  • ئەرۆدغان :ڕێککەوتنەکە پەیامێکی گرنگی بە جیهان دا
  • ئەردۆغان: کوردانی سووریاش پشکی خۆیان لە سەقامگیری ناوچەکە وەردەگرن

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ڕایگەیاند، ڕەنگە میسر پەیوەندی بەو ڕێککەوتنە سێقۆڵیەوە بکات کە لە نێوان تورکیا، سعودیە و پاکستاندا لە مەککە واژۆ کراوە.


دیمانەی ئەردۆغان لەگەڵ میدیای عەرەبی

ئەردۆغان لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ میدیای عەرەبی ئاماژەی بەوە کرد، ڕێککەوتننامە سێقۆڵییەکە کراوەیە بە ڕووی وڵاتانی نوێدا تاوەکو بەشداریی بکەن. دەشڵێت: "ئەم ڕێککەوتنە پەیامێکی گرنگی بە جیهان دا".

سەرۆککۆماری تورکیا ئاشکرای دەکات، بەشداریی میسر لە نێوان بژاردەکانی فراوانبوونی ڕێککەوتننامەکەدایە.

گرنگترین بەندی ڕێککەوتنی مەککە

  • هێرش بۆ سەر وڵاتێکیان هێرشە بۆسەر تەواوی وڵاتەکانی ناو ڕێککەوتنامەکە
  • ڕێککەوتنەکە بۆ بە ئامانجگرتنی هیچ وڵاتێک نییە
  • دەستەبەرکردنی خۆشگوزەرانی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە

بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتننامە سێقۆڵییەی ڕۆژی 7ـى ئاب واژۆکرا و بە ڕێککەوتننامەی مەککە ناو دەبرێت، هەر هێرشێک بۆ سەر یەکێک لەو سێ وڵاتە، وەک هێرش بۆسەر تەواوی وڵاتەکان ئەژمار دەکرێت.

ئامانجی ڕێککەوتنەکە خۆشگوزەرانییە بۆ ناوچەکە



لەبارەی ئەو بۆچوونانەی سەبارەت بە ڕێککەوتننامەکە هەن و چوواندنی بە "پەیماننامەی سوننە" و "ناتۆی موسڵمانان"، هەروەها بانگەشەی ئەوەی ڕەنگە وڵاتانی وەک ئیسرائیل و ئێران بکاتە ئامانج، ئەردۆغان پێشتر ڕایگەیاندبوو "ڕێککەوتننامەی مەککە هیچ وڵاتێک ناکاتە ئامانج، بەڵکو کراوەیە بۆ بەشداریی هەموو وڵاتانی برا کە ئامانجیان ئارامی، خۆشگوزەرانی و سەقامگیریی ناوچەکەمانە".

ئەردۆغان باسی لە بابەتە ناوچەییەکانیش کردووە و لەبارەی سووریاوە دەڵێت، ئەنقەرە بۆ پشتیوانیکردن لە سەقامگیریی سووریا هەرچییەک لە دەستی بێت دەیکات. لەبارەی کوردیش لە وڵاتەکە گوتی: " کوردانی سووریاش پشکی خۆیان لە ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە وەردەگرن".

ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشکردووە، تورکیا بەردەوام دەبێت لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کوردانی ناوچەکە و پاراستنی مافەکانیان.

تێڕوانینی ئێستای تورکیا بۆ بە ئەندامبوونی لە یەکێتی ئەوروپا



لەبارەی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپاش، سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەکرد، یەکێتییەکە بە پەرۆش نییە تاوەکو تورکیا وەک ئەندام وەربگرێت و گوتی: "ئەندامێتی لە یەکێتیی ئەورووپا چیتر لە پێشینەی کارەکانی ئەنقەرەدا نییە". بانگەشەی ئەوەشیکرد، لایەنی زیانمەند و دۆڕاو لەم دۆخە یەکێتییەکە دەبێت.

پەیوەندی ئەنقەرە و واشنتن

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و واشنتنیشەوە گوتی: "چاوەڕێم ئەو بەڵێنەی لە سەرۆکی ئەمریکاوە لەبارەی فڕۆکەی جەنگیی F-35 وەرمگرتووە، جێبەجێبکرێت".

هەوڵدان بۆ لابردنی سزاکانی کاتسا لەسەر تورکیا

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەراوێزی لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە، 7ـى تەمموز لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ئەردۆغان، ڕایگەیاند، سزاکانی کاتسا لەسەر تورکیا لادەبرێن.


کاتسا یان یاسای بەرەنگاربوونەوەی نەیارانی ئەمریکا لە ڕێگەی سزاکانەوە، بە فەرمی لە کانوونی یەکەمی 2020ـەوە بەسەر تورکیادا سەپێنراوە.

کۆنگرێسی ئەمریکا دەڵێت، کڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی S-400ـی ڕووسی لەلایەن تورکیاوە، پێشێلکردنی ماددەی 231ـی کاتسایە.

زانیاری زیاتر بۆ تۆ

تورکیا و سعودیە و پاکستان ڕێککەوتنی مەککەیان واژۆ کرد

ئەردۆغان: ڕێککەوتنی مەککە دژی هیچ وڵاتێک نییە

ئیسماعیل بەقائی: ڕێککەوتنى مەککە دژى ئێران نییە

محەمەد عەلی

3 کاتژمێر پێش ئێستا