
عەدنان فەیحان، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە میانەی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی بەغداد ڕایگەیاند، کێشەکانی حکومەتی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان زۆر لە مووچە و داهاتی نەوتی و نانەوتی گەورەتر و فراوانترن.
عەدنان فەیحان ئاماژەی بەوە کرد کە زۆرێک لەو بڕوایەدایە کێشەکان تەنیا لە سێ خاڵدا کورتبوونەتەوە، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە هیچ بڕگەیەک لە بڕگەکانی یاسای بودجەی ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 لەبارەی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقەوە جێبەجێ نەکراون و ڕاپۆرتەکانی چاودێریی عێراقیش پشتڕاستی ئەم بابەتە دەکەنەوە.
پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی ڕەشنووس و بڕگە پەسەندکراوەکانی یاسای بودجەی گشتیی عێراق ڕووبەڕووی کۆسپ بوونەتەوە، بەجۆرێک بەگوێرەی لێدوانەکانی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆڕبەندی بەغداد، جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنەکان و بڕگەکانی بودجەی ساڵانی ڕابردوو هۆکاری سەرەکیی بەردەوامی و قووڵبوونەوەی ناکۆکییەکانن.
نزار ئامێدى: داوامان لەقالیباف کرد بۆ هەناردەکردنى نەوت تایبەتمەندى بەعێراق بدرێت