سەباح نوعمان: پێگەى هێزەکانى ئەڵمانیا دەدرێتەوە بە دەسەڵاتى فڕۆکەخانەى هەولێر
پووختەی هەواڵەکە:
- پێگە سەربازییەکانی هێزەکانى ئەڵمانیا ڕادەستى هێزى پێشمەرگە دەکرێن
- سەباح نوعمان: لیژنەیەک بۆ پەیوەندی لەگەڵ هاوپەیمانان دوای کشانەوە پێکدەهێنرێت
- سەباح نوعمان: کشانەوەى هاوپەیمانان بە هەماهەنگیى نووسینگەى سەرۆکوەزیران دەبێت
سەباح نوعمان، گوتەبێژى فەرماندەى گشتیی هێزە چەکدارەکانى عێراق ئاشکرایکرد، ئەو پێگانەى دواى کشانەوەى هێزەکانى ئەڵمانیا لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیی هەولێر چۆڵکراون، ڕادەستى دەسەڵاتى فڕۆکەخانەکە دەکرێن، پێگە سەربازییەکانیش ڕادەستى هێزى پێشمەرگە دەکرێن.
کۆتاییهاتنی کشانەوەی هێزەکانی ئەڵمانیان لە هەولێر
سەباح نوعمان، لە لێدوانێکدا ئاماژەى بەوەکرد، کشانەوەى هێزەکانى ئەڵمانیا لە هەولێر کۆتاییهات، وەک بەشێکى سەرەکی لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتى، کە ساڵى 2014 و لە کاتى هاتنى گرووپى داعش بۆ عێراق پێکهێنرا، ئەرکى سەرەکی هێزەکانى ئەڵمانیا خۆى دەبینییەوە لە بوارەکانى مەشق و ڕاهێنان بە هێزەکانى عێراق و هێزەکانى پێشمەرگە، پرۆگرامى پڕچەککردن و ئۆپراسیۆنى گەڕانى ئاسمانى.
گوتیشى "کەمکردنەوەى هێزەکان بە پلەبەند دەستیپێکرد، تاوەکو گەیشتە ئەوەى کشانەوەى پاشماوەى هێزەکان تەواو بکرێت".
کشانەوەکان بە هەماهەنگی ڕاستەوخۆی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانە
سەباح نوعمان ئاشکراشیکرد، پرۆسەى کشانەوەکە بە هەماهەنگیى ڕاستەوخۆ لەگەڵ نووسینگەى فەرماندەى گشتیی هێزە چەکدارەکان بووە، کە بەشێوەیەکى ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیى میکانیزمى گواستنەوە و بەجێهێشتنى لە ئاسمان و زەوییەوە کردووە.
پێگەکانی هێزەکانی ئەڵمانیا ڕادەستی دەسەڵاتی فڕۆکەخانەی هەولێر دەکرێن
گوتەبێژى فەرماندەى گشتیی هێزەچەکدارەکان ڕوونیشیکردەوە، ئەو پێگانەى هێزەکانى ئەڵمانیا لەناو فڕۆکەخانەى هەولێر بەکاریانهێناون ڕادەستى دەسەڵاتى فڕۆکەخانەکە دەکرێن، پێگە سەربازییەکانیش ڕادەستى هێزى پێشمەرگە دەکرێن، هاوشێوەى ئەزموونەکانى ڕابردوو لە ڕادەستکردنى بنکەکانى وەک عەین ئەسەد و بەلەد بە وەزارەتى بەرگریى دواى تەواوبوونى ئەرکى هاوپەیمانان لەو بنکانە.
پەیوەندییەکانی عێراق و وڵاتانی هاوپەیمانان دوی 30ـی ئەیلول
- پێکهێنانى لیژنەى تایبەتمەند بۆ دانانى میکانیزمى گونجاو و دیاریکردنى شێوەى پەیوەندییەکان لە داهاتوودا.
- هاوبەشییەکان لەسەر بنەماى هاوکارى و هەماهەنگیى هاوبەش دەبێت، بەتایبەت لە بوارەکانى هەواڵگرى، ئاڵوگۆڕى زانیارى و پرۆگرامى پڕچەککردن.
- سەرجەم پرۆسەکانى کشانەوە، لە ڕێوشوێنێکى ئەمنى ورد و هەماهەنگى بەردەوام دەبێت بۆ گرەنتى ڕێگاکان.
لەبارەى داهاتووى پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانى هاوپەیمانان دواى 30ـى ئەیلوول، سەباح نوعمان گوتى، فەرماندەى گشتیی هێزە چەکدارەکان فەرمانیکردووە بە پێکهێنانى لیژنەى تایبەتمەند بۆ دانانى میکانیزمى گونجاو و دیاریکردنى شێوەى پەیوەندییەکان لە داهاتوودا.
هاوبەشی لەسەر بنەمانی گرەنتی بەردەوام
ڕوونیشیکردەوە، ئەو هاوبەشییە لەسەر بنەماى گرەنتى بەردەوامى هاوکارى و هەماهەنگیى هاوبەش دەبێت، بەتایبەت لە بوارەکانى هەواڵگرى، ئاڵوگۆڕى زانیارى و پرۆگرامى پڕچەککردن.
ڕاپۆرتی ڕۆژانە بەرزدەکرێتەوە لەسەر کشانەوەکان
گوتەبێژى فەرماندەى گشتیی هێزە چەکدارەکان، جەختیشیکردەوە، سەرجەم پرۆسەکانى کشانەوە، لە ڕێوشوێنێکى ئەمنى ورد و هەماهەنگى بەردەوام دەبێت بۆ گرەنتى ڕێگاکان، بەگوێرەى ڕەزامەندى فەرمى و ڕاپۆرتى ڕۆژانە کە ڕاستەوخۆ بەرزدەکرێنەوە بۆ فەرماندەى گشتیی هێزە چەکدارەکان.
ڕۆژى سێشەممە 25ـى ئاب، ڕێوڕەسمى ماڵئاوایی و کشانەوەى نزیکەی 50 سەرباز و ڕاوێژکاری ئەڵمانیا لە کەمپی ستیڤانی ناو فڕۆکەخانەی هەولێر بەڕێوەچوو.
هێزەکانى ئەڵمانیا، وەک بەشێکى سەرەکى لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتى دژى داعش، لە پڕۆسەی مەشق و ڕاهێنان، چاکسازی، یەکخستنەوەی هێزەکانى پێشمەرگە ڕۆڵى سەرەکى هەبوو.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
کشانەوەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و گۆڕینی ئەرکەکانیان
سەباح نوعمان: 30 ئەیلوول دوواین وادەیە بۆ کشانەوەی هاوپەیمانان
ئەعرەجی: 30ی ئەیلوول وادەی کشانەوەی هاوپەیمانانە نەک کۆکردنەوەی چەک
عێراق لەبەردەم وەرچەرخانێکی ئەمنی؛ کشانەوەی هاوپەیمانان و چەکدانی گرووپەکان
51 خولەک پێش ئێستا