
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق، پێشوازی لە ستیڤن ڤاگن کرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک کاربەڕێکەری نوێی باڵیۆزخانەکە، کە شوێنی جۆشوا هاریس دەگرێتەوە.
بەگوێرەى ڕاگەیێنراوى باڵیۆزخانەکە، دەستبەکاربوونی ڤاگن دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی جۆشوا هاریس دێت لە عێراق، کە باڵیۆزخانەکە سوپاسی خۆی بۆ کار و چالاکییەکانی ناوبراو لە ماوەی ڕابردوودا دەربڕیوە.
ستیڤن ڤاگن خاوەنی ئەزموونێکی بەرفراوانە لە ناوچەکەدا؛ پێشتر وەک کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە یەمەن کاری کردووە، هەروەها لە ڕابردوودا پۆستی جێگری سەرۆکی نێردەی ئەمریکا لە بەغداد و کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێری بەڕێوەبردووە.
باڵیۆزخانەکە ئاماژەی بەوەکردووە، ئەزموونی دەوڵەمەندی ڤاگن ڕۆڵی دەبێت لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق و هەنگاونان بەرەو بەدیهێنانی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات.
ئەم گۆڕانکارییە لە کاتێکدایە کە لە دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی ئێلینا ڕۆمانوسکی، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە عێراق لە مانگی کانوونی یەکەمی 2024دا، واشنتن هیچ باڵیۆزێکی فەرمی نوێی بۆ بەغداد دەستنیشان نەکردووە، بەڵکو بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری دیپلۆماسیی خۆی، پشتی بە باڵیۆزە کاتییەکان و کاربەڕێکەرە خاوەن ئەزموونەکانی ناوچەکە بەستووە.
عەلى زەیدى و جۆشوا هاریس کاربەڕێکەرى باڵیۆزخانەى ئەمریکا کۆبوونەوە