
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ڕایگەیاند، پێویستە دەسەڵاتی ئێران کۆتایی پێ بێت، ئەوەش یان لە ڕێگەی ڕاپەڕینی خەڵکەکەوە دەبێت یان بە بەردەوامیی فشارە ئابوورییەکەیان، سەبارەت بە نرخی سووتەمەنیش پێشبینی دەکات نرخی بەرمیلێک نەوتی خام ببێت بە 40 بۆ 50 دۆلار.
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز ئاماژەی بەوەکرد کە پێویستە ئەم دەسەڵاتەی ئێران کۆتایی پێ بێت، گوتیشی: "ئەوان 47 ساڵە دەستیان بەسەر ئەو وڵاتەکەدا گرتووە و جیهان لەمە بێدەنگە، ئێرانییەکان خەڵکی مەزنن، لەبەر ئەوە شایستەی دەسەڵاتێکی باشترن".
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دووپاتیکردەوە، دەسەڵات لە ئێران یان دەبێت لە ناوخۆدا بگۆڕدرێت، یان خەڵکەکە ڕاپەرن، یاخود ئەوان لە ڕێگەی گەمارۆ و فشاری توندی ئابوورییەوە شکستیان پێدەهێنن.
ئەوەشی خستەڕوو کە ئەوان بەردەوام دەبن لە فشارە ئابوورییەکان تاوەکو تەواو لاوازیان دەکەن، جەختی لەوەش کردەوە لە دوای سەپاندنی گەمارۆ دەریاییەکەیانەوە ئێران نەیتوانیوە نەوت بە گەرووی هوورمزدا ڕەوانەی چین بکات، گوتیشی ، ئێران ناتوانێت یەدەگی نەوتی خۆی پڕبکاتەوە لەکاتێکدا بارەکان لەسەر تەنکەرەکان لە گەرووی هوورمز گیریان خواردووە.
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا باسی لە سەپاندنی زنجیرەیەک سزای نوێ کرد بەسەر ئێراندا و گوتی: "هیوادارین ناچار نەبین سزا بەسەر بانکی زیاتردا بسەپێنین و ئەوەش بەندە بەوەوە کە چەندە خێرا دەتوانن لە پشتیوانیکردن لە دەسەڵاتی ئێران بوەستن".
ئەمریکا سزای بەسەر بانکێکی تورکیادا سەپاند
یەکێتیی ئەورووپا بە فەرمی بەشداری لە هەڵمەتە ئابوورییەکەی ئەمریکا دژ بە ئێران دەکات
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا: ڕێوشوێنی ئابووریی بێ وێنە بەرامبەر ئێران دەگرینەبەر