
نەژاد عەبدوڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی بە کەناڵ8ـی گوت، ئامادەکارییەکان بۆ ساڵی نوێی خوێندن ڕێکخراون و ڕۆژی 10ـی ئەیلوول کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەت بۆ دانانی ساڵنامەی خوێندن بەڕێوەدەچێت، لە کاتێکدا جەخت لە کێشەی باڵەخانەکان و میلاکی مامۆستایان دەکاتەوە.
ساڵی ڕابردوو 429 هەزار و 852 خوێندکار و 43 هەزار و 956 مامۆستا هەبوون، ئێستاش 6 هەزار و 730 مامۆستای گرێبەست هەن کە داواکراوە لە بودجەی 2027دا بکرێنە هەمیشەیی. هاوكات ڕێژەیەکی زۆری مامۆستایان خانەنشین بوون یان مۆڵەتی بێ مووچە، دایکایەتی و خوێندنیان وەرگرتووە، بە جۆرێک لە ساڵی 2025دا 2 هەزار و 50 مامۆستا خانەنشین بوون و بەوهۆیەوە لە دەرەوەی شار بۆشاییەکی زۆر لە میلاکاتدا دروستبووە.
وەزارەتی پەروەردە بڕیاریداوە داهاتی فرۆشگای خوێندنگەکان 100٪ بگەڕێتەوە بۆ ناو خوێندنگەکان تاوەکو بەڕێوەبەرەکان دەستکراوە بن و ڕۆتیناتی خەرجکردنی پارە نەمێنێت، کە لیژنەی بەکرێدان و لیژنەیەکی باڵا سەرپەرشتی کۆی پرۆسەکە دەکەن. لەبارەی سووتەمەنیشەوە بڕی پێویست بۆ هەموو خوێندنگەکان دابینکراوە و ئامڕازەکانی خۆگەرمکردنەوە و فێنکردنەوەش ئامادەکراون.
ئامادەکارییەکانی پەروەردەی سلێمانی بۆ ساڵی نوێی خوێندن لە نێوان چەندین ئاڵنگاریی مادی و لۆجستیدا بەڕێوەدەچێت. چۆڵکردنی دیان باڵەخانە بەهۆی مەترسیی ڕووخان و پەنابردن بۆ کابینە و باڵەخانەی کرێ، لەگەڵ بەتاڵبوونی میلاکی مامۆستایان بەهۆی خانەنشینبوون و مۆڵەتەکانەوە، لە کێشە بنەڕەتییەکانی کەرتی پەروەردەن. گەڕانەوەی داهاتی فرۆشگاکانیش بۆ خوێندنگەکان وەک ڕێکارێک بۆ کەمکردنەوەی ڕۆتین و بەرزکردنەوەی توانای دارایی بەڕێوەبەرەکان لە بەڕێوەبردنی ڕۆژانەی ناوەندەکاندا ئەژمار دەکرێت.
ڕێکارە نوێیەکانی وەزارەتی پەروەردە بۆ ساڵی نوێی خوێندن
وەزارەتی پەروەردە گۆڕانکاریی لە 110 کتێبی خوێندندا کردووە
نەژاد عەبدوڵا: ڕێڕەوی ئاوەکە دەگۆڕدرێت و خوێندنگەی قەرەگۆل نۆژەن دەکرێتەوە
نەژاد عەبدوڵا: مامۆستایان 11 ساڵە نەیانهێشتووە داهاتووی خوێندکار بفەوتێت