
مەسعود بارزانی و کاربەڕێکەرى باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق، لە پیرمام کۆبوونەوە و تاوتوێى دۆخى ناوچەکە و عێراق و هەرێمى کوردستانیان کردوو جەختیان لە چارەسەرى کێشەکان لە ڕێگەى گفتوگۆ و دانووستان کردەوە.
بارەگاى بارزانى ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا باڵیۆز ستیڤن ڤاگن، کاربەڕێکەرى باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق جەختی لەوە کردەوە، وڵاتەکەى پشتیوانی عێراق و هەرێمی کوردستانە بۆ ئەوەی ئاسایش و سەقامگیری و ئابووریی پارێزراو بێت.
هەروەها، جەختی لە هەماهەنگی لایەنەکان کردەوە لە پێناو پاراستنی پڕۆسەی سەروەریی عێراق و زیاتر برەودان بە پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
دووپاتى کردەوە، هەڕەشە لەسەر ئاسایشی عێراق، هەڕەشەیە بۆسەر هەموو لایەک و عێراق هاوتەریب لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەتوانن لەم بوارەدا ڕۆڵێکی باش ببینن.
گوتیشى، ئەمریکا پاڵپشتی لە عێراقێک دەکات کە هێزە میلیشیاکان لە دەرەوەی دەسەڵاتی فەرمیی حکومەتەوە چەکدار نەبن، بۆ ئەوەی دەرفەتی سەقامگیریی سیاسی و ئابووری لێبکەوێتەوە.
هاوکات، سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان گوتى، هەرێمی کوردستان هەمیشە فاکتەری سەقامگیریی دەبێت.
ئاماژەى بەوەشکرد، بۆ سەرکەوتنی هەوڵەکانى سەرۆکوەزیرانی عێراق و هەر بابەتێک لە چوارچێوەی سەقامگیری و دەستووری عێراق و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بێت، پشتیوانیی لێ دەکەن و هەروەها لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵییشدا پاڵپشتیی سەرۆکوەزیرانی عێراقیان کردووە و ڕژدن لەسەر بەردەوامیی ئەو کارە هاوبەشانە.
لەبارەى بارودۆخی ناوچەکەشەوە، مەسعود بارزانی گوتى، هەمیشە ئاشتی لەشەڕ باشترە و دانوستان لە پێکدادان باشترە و لێکتێگەیشتن لە ناکۆکی و گرژی باشترە، بۆیە هەمیشە هەرێمی کوردستان بەشێکە لە چارەسەر و بەشێک نەبووە لەو کێشانەی لەسەر ئاستی هەرێمایەتیدا هەن.
عەلى زەیدى و ستیڤن ڤاگن کاربەڕێکەرى نێردەى ئەمریکا کۆبوونەوە
نێچيرڤان بارزانى و ستیڤن ڤاگن پهيوهندييهكانى ههولێر و بهغداد و پرسى مووچەیان تاوتوێکرد
وەزیرى دەرەوەى عێراق و کاربەڕێکەرى نوێى باڵیۆزخانەى ئەمریکا کۆبوونەوە


