
بەغداد و پاریس شەش گرێبەستیان واژۆکرد کە چوار گرێبەستیان بۆ ئاوەدانکردنەوەى عێراق و باشترکردنى ژێرخانى وڵاتەکە و دوو گرێبەستیان بۆ پەرەپێدانى توانا سەربازییەکانە.
بە ئامادەبوونى عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق و ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکى فەڕەنسا، بەغداد و پاریس شەش گرێبەستیان واژۆکرد کە چوار گرێبەستیان بۆ ئاوەدانکردنەوەى عێراق و باشترکردنى ژێرخانى وڵاتەکە و دوو گرێبەستیان بۆ پەرەپێدانى توانا سەربازییەکانە.
ئەو گرێبەستانەى واژۆکران، دووانیان لە نێوان وەزارەتى دەرەوەى هەردوو وڵات بوو بۆ کارکردنى ئاژانسى پەرەپێدانى فەڕەنسى لە عێراق کە ئاژانسەکە لە بوارەکانى پەروەردە، تەندروستى، بەکارخستن و ئاوەدانکردنەوە و چەند بوارێکى دیکە کاردەکات و لە 160وڵات تاوەکو ئێستا کاریکردووە.
گرێبەستى سێیەم لەنێوان وەزارەتى بەرگریى عێراق و وەزارەتى سوپاى فەڕەنسا بۆ پەرەپێدانى توانا سەربازییەکانى عێراقە، بە پێداویستى سەربازیی و بەرگریى سەردەم، ئەم گرێبەستە لەلایەن دوو بەرپرس لە وەزارەتى بەرگریى عێراق و وەزارەتى سوپاى فەڕەنسا واژۆکرا.
چوارەم گرێبەست کە واژۆکرا، بۆ هاوکاریکردنى کۆمپانیاى تۆتاڵ ئینێرجى فەڕەنسى بوو، لە دابینکردنى گاز بۆ کۆمپانیاى کارەباى باشوورى عێراق، ئەم گرێبەستە لەنێوان وەزیرى کارەباى عێراق و بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى کۆمپانیاى تۆتاڵى فەڕەنسى واژۆکرا.
گرێبەستى پێنجەم بۆ هەماهەنگى و پەرەپێدانى تواناکانى عێراقە لە بوارى فرۆکەوانیی شارستانیى، ئەم گرێبەستە لەنێوان سەرۆکى دەستەى ڕاوێژکارانى سەرۆکوەزیرانى عێراق و سەرۆکى دەسەڵاتى فرۆکەوانیی شارستانیی فەڕەنسى واژۆکرا.
گرێبەستى شەشەمیش گرێبەستێکى ستراتیجییە و بۆ پەرەپێدانى تواناى عێراقە لەبوارى بەرگریى ئاسمانیی و بەکارهێنانى ژیریی دەستکرد.
ئەوەش لەکاتێکدایە، عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق بە سەردانێکى فەرمى لە فەڕەسنایە و بڕیارە پاش فەڕەنسا، سەردانى ئەڵمانیا بکات.
عەلى زەیدى بە سەرۆکایەتیی شاندێک بەرەو ئەورووپا بەڕێکەوت
زەیدی: لەگەڵ پاریس و بەرلین دەرگای نوێی وەبەرهێنان دەکەینەوە
عێراق بۆ پاڵپشتیی کارەبا گرێبەستێکی نوێی 25 ساڵەی نەوت و گازی واژۆکرد