
جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبردنی کەجەکە ڕاگەیاند، نەدەبوو مەزڵوم عەبدی پۆستی ڕاوێژکار قبوڵ بکات و دەشڵێت، دەیانەوێت بچنە ئیمرالی و هاوکات بۆ جەنگی گەورەش ئامادەن. بایک دەڵێت، ئۆجەلان بەبێ ئەوان بڕیار نادات و تاوەکو ئێستاش پەیوەندی ڕاستەوخۆیان لەگەڵیدا نییە.
بایک لە دیمانەیەکدا لەگەڵ نووچە تیڤی، ڕەخنە لە وەرگرتنی پۆستی ڕاوێژکاری سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا لەلایەن مەزڵوم عەبدی دەگرێت و دەڵێت، عەبدی خۆی گوتی، هیچ پۆستێک قبوڵ ناکات و لەنێو خەڵکدا دەمێنێتەوە، کەچی بووە ڕاوێژکاری ئەحمەد شەرع، نەدەبوو ئەو پۆستە قبوڵ بکات، چونکە شەرع پێویستی بە کوردە.
بایک لەبارەی پڕۆسەی ئاشتیش لە تورکیا ئاماژەی بەوە کردووە، "ئەگەر پڕۆسەکە بەئەنجام نەگات، ئامادەین بۆ شەڕی گەورە، ئێمە لەپێناو پڕۆسەیەکدا کە ئامانجەکانی گەلەکەمان بەدینەهێنێت، دەستبەرداری خەبات نابین.
دەشڵێت، "ئەگەر ئۆجەلان ئازاد نەبێت، نە چەک دادەنێین و نە دەشگەڕێینەوە بۆ تورکیا، بۆ چەکدانان، پێویستە دەرفەتی سیاسەتکردنمان پێبدرێت و یاساکان بگۆڕێن، چونکە کورد لەنێو یاساکانی تورکیدا بوونی نییە. ئەگەر تورکیا وەک ڕابردوو مامەڵە بکات، زیان دەکات، هەر بۆیە ئێمە متمانە بە دەوڵەتی تورکیا ناکەین و بە گومانەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکەین."
بایک ڕەخنەی لە بەردەوامیی قەیووم، ئازادنەکردنی زیندانیکراوان و سیاسەتی ڕابردووی تورکیا گرت و گوتی، بۆ ئەوەی گۆڕانکاریی ڕووبدات، پێویستە دەوڵەتی تورکیا هەنگاوی کردەیی بنێت و هەموو شتێک لە چەکداناندا کورت نەکرێتەوە.
هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبردنی کەجەکە هۆشداری بە ئەنقەرە دا و گوتی، بەهۆی خاو هەنگاونانی تورکیا، پرۆسەکە نەک تاوەکو مانگی تشرینی دووەم درێژدەبێتەوە، تەنانەت دەکرێت تاوەکو ساڵی داهاتووش درێژ ببێتەوە.
لەبارەی سیاسەتی بزووتنەوەکەیان بۆ پرسی کورد بایک دەڵێت، "ئێمە نامانەوێت دەوڵەتی تورکیا دابەش بکەین و بەدوای دروستکردنی دەوڵەتەوە نین، چونکە دەوڵەت ئازادی بۆ کورد ناهێنێت، بەڵکو دەیخاتە ناو فشارەوە."
لە ڕابردوودا باس لە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی قەندیل و ئیمراڵی کرا، بایک ئەو قسانە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت، "تاوەکو ئێستا پەیوەندی ڕاستەوخۆمان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلاندا نییە و پەیوەندییەکانمان ناڕاستەوخۆیە، مادام یاساکە دەرچووە پێویستە گفتوگۆی لەگەڵ بکەین. دەمانەوێت بچینە ئیمراڵی، ئەگەرنا پڕۆسەکە بە دروستی بەڕێوەناچێت، بۆ تورکیا گرنگترە، چونکە تورکیا لە دۆخێکی باشدا نییە و جەنگەکانی ناوچەکە تورکیا بەگیردەهێنن."
لەبارەی بڕیارەکانی ئۆجەلانیش بایک باس لەوە دەکات، "ئۆجەلان لە دەرەوەی ئێمە هیچ بڕیارێک نادات و هەنگاو نانێت، کاتێک هەنگاوێک دەنێت و بڕیارێک دەدات، بۆچوونمان وەردەگرێت، لە ڕێگەی شاندی ئیمراڵییەوە بۆچوونەکانمان ئاڵوگۆڕ دەکەین."
بایک ڕەخنەی توندی لە یاساکە گرت کە لە پەرلەمانی تورکیا پەسەند کرا و گوتی، "تورکیا یاسای پڕۆسەی زیاتر بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆی دەرکردووە و بەگوێرەی داواکارییەکانی ئێمە نییە، ئامانجی سەرەکیی یاساکە چەکداماڵینی پەکەکەیە، بۆیە بەشێک لە ماددەکانی یاساکە بەلای ئێمەوە گرنگ نین و یاسای تورکیایە و ئێمەش یاسای خۆمان هەیە."
سەرەڕای ئەوەش بایک بۆچوونی وایە، ئێستا کات و زەمینەی چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا دروستبووە و ئەو چارەسەرەش بە یەکبوونی کورد دێتەئارا.
مەزڵوم عەبدی وەک ڕاوێژکار لە سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا دیاریکرا
جەمیل بایک: هەنگاوی دیموکراسی نەنرێت پڕۆسەکە پەکى دەکەوێت
دوران کاڵکان: تەنیا ئۆجەلان دەتوانێت پڕۆسەکە جێبەجێبکات
ئۆجەلان پەیامێکی لەبارەی ئەندامە گیانبەختکردووەکانی پەکەکە بڵاوکردەوە