
لە شاری سلێمانى لە دوو ڕووداوى جیاوازدا دوو منداڵ گیانیان لەدەستدا، یەکێک لە منداڵەکان لە کاتى دەوام لەناو خوێندنگەیەک بەهۆى ڕووداوێکەوە گیانى لەدەستداوە و ئەوەى دیکە بەهۆى تەزووى کارەباوە لە ماڵی خۆیان گیانى لەدەستداوە.
هاوژین عوسمان، جێگرى بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى شۆڕش بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، لە ڕووداوى یەکەمدا منداڵێکى تەمەن 10ساڵان کە قوتابیی پۆلى چوارەمى بنەڕەتى بووە، لە خوێندنگەى ناو پرۆژەى ئابوورى ناسان، خۆى کێشاوە بە پارچەیەک شووشەیەکى گەورەدا، شووشەکە شکاوە و پارچەیەک چووەتە ناو سکى منداڵەکە، دەڵێت بەهۆی ڕووداوەکەوە منداڵەکە تووشى خوێنبەربوونى ناوەکى بووە.
گوتیشى، منداڵەکە هێنراوەتە نەخۆشخانەى شۆڕش، تاوەکو گەیشتووەتە نەخۆشخانە، هەرسێ پزیشکى نەشتەرگەرى، بێهۆشکار و فریاکەوتن ڕاستەوخۆ دەستیان بە فریاگوزارى کردووە بۆ ئەوەی لە مردن ڕزگاری بکەن، بەڵام وەک دەڵێت، تازە کار لە کار ترازاوە و منداڵەکە گیانى لەدەستداوە.
گوتیشى، لە ڕووداوى دووەمدا منداڵێکى تەمەن پێنج ساڵان بەهۆى تەزووى کارەباوە گیانی لەدەستداوە، لەم ڕووداوەیاندا منداڵەکە کاتێک گەیشتووەتە نەخۆشخانە، فریای چارەسەر و فریاگوزاریی نەکەوتووە و گیانى لەدەستداوە.
بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى پەروەردەى سلێمانى لەڕاگەیێنراوێکدا دەڵێت" منداڵە تەمەن 10ساڵەکە ناوى یارا ئاریان بووە لە کۆمەڵگەى ڕۆیاڵ کەنەدیانى نێودەوڵەتى، قوتابی بووە".
بەهۆی گیانلەدەستدانی نەخۆشێکەوە نەخۆشخانەیەکى تایبەت لە هەولێر داخرا
ڕاگەیاندراوی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە گیانلەدەستدانی چارەخوازێک



