
ئەکرەم کەعبی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی نوجەبا هۆشداریی داوە ئەگەر گەشتە ئاسمانییەکان لەگەڵ ئێران دەستپێنەکەنەوە، لایەنگرانی لەناو تەواوی فڕۆکەخانەکانی عێراق دەست بە مانگرتن دەکەن. ئەم هەڵوێستە لە کاتێکدایە بەغداد بە فەرمی پابەندبوونی خۆی بە سزاکانی واشنتن لەسەر هێڵە ئاسمانییەکانی تاران ڕاگەیاندووە، ئەمەش گرژییەکی نوێی لەنێوان گرووپە چەکدارەکان و حکومەت دروستکردووە.
لە بەرامبەر ئەم هەڕەشانەدا، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند کە بەغداد بە فەرمی لایەنی ئێرانی لە بڕیاری قەدەغەکردنی گەشتی فڕۆکەکانی ئەو وڵاتە بۆ ناو فڕۆکەخانەکانی عێراق ئاگادارکردووەتەوە. وەزیری دەرەوە ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەت لەگەڵ واشنتن لە گفتوگۆدایە تاوەکو چارەسەرێک بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە فڕۆکە مەدەنییەکانی ئێران بدۆزێتەوە، بەڵام هاوکات دەسەڵاتی فڕۆکەوانی پابەندە بەو سزایانەی کە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە 8ـی ئەم مانگەدا بەسەر 36 کەرتی فڕۆکەوانی و 27 کۆمپانیای ئاسمانیی ئێراندا سەپاندوویەتی، کە تێیدا هەڕەشەی سزای ئابووری لە هەر لایەنێک کراوە مامەڵە لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەدا بکات.
بزووتنەوەی نوجەبا یەکێکە لە دیارترین گرووپە چەکدارەکانی سەر بە بەرەی "موقاوەمەی ئیسلامی" لە عێراق کە بەردەوام دژایەتیی هەژموونی سەربازی و دارایی ئەمریکا لە وڵاتەکەدا دەکات. هەڕەشەی مانگرتن لەناو فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکان، مەترسیی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و لایەنگرانی ئەو گرووپە لە ناوەندە هەستیارەکانی گواستنەوەدا دروست دەکات.
حکومەتی عێراق لەنێوان پاراستنی کەرتی دارایی و فڕۆکەوانیی خۆی لە سزاکانی واشنتن لە لایەک، و ڕێگریکردن لە دروستبوونی ئاڵۆزیی ناوخۆیی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی ئێران لە لایەکی تر، لەبەردەم فشارێکی تونددایە؛ بەتایبەت کە ڕاگرتنی گەشتەکان سەرجەم فڕۆکەخانەکانی بەغداد، نەجەف، بەسڕە و فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانیشی لە هەرێمی کوردستان گرتووەتەوە.
عێراق داوای بەدەرکردنی فڕۆکەخانەکانی لە سزاکانی سەر ئێران دەکات
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا: لە 23ـی ئەیلوولەوە هێڵە ئاسمانییەکانی تاران لە سەرانسەری جیهاندا دادەخرێن
ڕاوێژکاری ڕێبەری ئێران: گەشتی ئاسمانی لە ناوچەکە یان بۆ هەموان دەبێت با هیچ لایەک نابێت