ڕاوێژکارێکی باڵای ڕێبەری ئێران هێرشی توند دەکاتە سەر زەیدی

کەناڵ8 54 خولەک پێش ئێستا
عەلی ئەکبەر ویلایەتی، ڕاوێژکاری ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی
عەلی ئەکبەر ویلایەتی، ڕاوێژکاری ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی

پووختەی هەواڵەکە:

  • ڕاوێژکاری باڵای موجتەبا خامنەیی ڕەخنەی توندی لە سەرۆکوەزیرانی عێراق و چوارچێوەی هەماهەنگی گرت.
  • عەلی ئەکبەر ولایەتی ڕایگەیاند شەرعییەتی زەیدی لە نەجەفەوە سەرچاوە دەگرێت نەک لە واشنتنەوە.
  • بەرپرسەکەی ئێران هاوپەیمانیی دەسەڵاتداری شیعەکانی بە "چوارچێوەیەکی بەتاڵ" وەسفکرد.
  • ئەم هێرشە دوای ڕاگرتنی گەشتەکانی ئێران لە فڕۆکەخانەی نەجەف بە فەرمانی بەغداد دێت.

عەلی ئەکبەر ولایەتی، ڕاوێژکاری باڵای ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران هێرشێکی توندی کردووەتە سەر عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و چوارچێوەی هەماهەنگی. پەیامەکەی تاران دەسەڵاتدارانی بەغداد بە ملکەچبوون بۆ خواستەکانی ئەمریکا تۆمەتبار دەکات، ئەوەش دوای ئەوەی فڕۆکەخانەی نەجەف بە فەرمانی حکومەت سەرجەم گەشتەکانی لەگەڵ هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران ڕاگرت.


لایەنی یەکەم؛ وتە و ڕەخنە توندەکانی عەلی ئەکبەر ولایەتی، ڕاوێژکاری ڕێبەری ئێران:

  • ئاماژەدان بەوەی دوژمن لە ڕێگەی داخستنی فڕۆکەخانەی نەجەف بەڕووی زیارەتکاراندا، هەوڵی تێکدانی یەکڕیزیی بەرەی موقاوەمە لەناوخۆدا دەدات.
  • ئاڕاستەکردنی ڕەخنەی ڕاستەوخۆ بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق بەوەی شەرعییەت لە نەجەف و خوێنی شەهیدانەوە سەرچاوە دەگرێت نەک لە واشنتنەوە.
  • ڕەخنەگرتن لە بێدەنگیی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان و ناوبردنی بە "چوارچێوەیەکی بەتاڵ بە دیواری دەسەڵاتەوە".
  • جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی ئەو بەرەیەی بە خوێنی موقاوەمە دروستکراوە بە هیچ پیلانگێڕییەک پارچە ناکرێت.
  • دووپاتکردنەوەی ئەوەی بەرەی موقاوەمە لە سەنعاوە تاوەکو نەجەف یەکهەڵوێستە و سازش لەسەر بنەماکانی ناکات.

لایەنی دووەم؛ هەڵوێستی فەرمیی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق:

لە بەرامبەر ئەم لێدوانە توندانەی تاراندا، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە کە بەغداد لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە گفتوگۆی ڕاستەوخۆی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا دەستپێکردووە، تاوەکو هەندێک لە فڕۆکەخانەکانی عێراق لە سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بەدەر بکرێن. حکومەتی زەیدی ئامانجیەتی لە ڕێگەی دیالۆگەوە دەرفەت بۆ هاتوچۆی زیارەتکارانی ئایینی و گەشتە مرۆییەکان بگەڕێنێتەوە، هاوکات کار دەکات بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی دەوڵەت و دوورخستنەوەی کەرتی فڕۆکەوانی لە سزاکانی واشنتن.

لێدوانەکانی ولایەتی وەک یەکێک لە توندترین پەیامە ئاشکراکانی تاران دژ بە سەرۆکوەزیرانێکی شیعەی بەغداد دادەنرێت کە بە پشتیوانیی چوارچێوەی هەماهەنگی لە دەسەڵاتدایە. ئەم گرژییە نوێیە هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی کە لایەنە سەرەکییەکانی شیعەی لەخۆگرتووە، لەنێوان پاراستنی پێگەی دەوڵەت لە سیستەمی دارایی نێودەوڵەتی و ڕازیبوونی تاراندا ڕووبەڕووی دابەشبوون کردووەتەوە.

داخستنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف کە دەروازەی سەرەکیی گەشتە ئایینییەکانی زیارەتکارانی ئێرانە بۆ عێراق، کێشەیەکی گەورەی لە هاتوچۆی نێوان هەردوو وڵات دروستکردووە، ئەمەش وایکردووە ناکۆکییەکان لە ئاستی جێبەجێکردنی سزاکانی ئەمریکاوە بگۆڕێن بۆ بەریەککەوتنی ڕاستەوخۆی سیاسی لەنێوان بەرپرسانی ئێران و سەرۆکوەزیرانی عێراقدا.

زانیاری زیاتر بۆ تۆ

عێراق داوای بەدەرکردنی فڕۆکەخانەکانی لە سزاکانی سەر ئێران دەکات

بزووتنەوەی نوجەبا هەڕەشەی مانگرتن لە تەواوی فڕۆکەخانەکانی عێراق دەکات

ئەبو ئالا وەلائی داوای ڕەتکردنەوەی گەمارۆکانی سەر ئێران دەکات

کەناڵ8

54 خولەک پێش ئێستا