
ئەبو ئالا وەلائی، ئەمینداری گشتیی کەتائیبی سەیدولشوهەدا داوای لە حکومەت و پەرلەمانی عێراق کردووە پابەندبوون بە گەمارۆکانی ئەمریکا دژ بە ئێران ڕەتبکەنەوە و ڕێگە نەدەن ئاسمانی وڵات بەڕووی تاراندا دابخرێت. ئەم فشارە نوێیەی گرووپە چەکدارەکان لە کاتێکدایە کە بە داخستنی فڕۆکەخانەی نەجەف بە فەرمانی سەرۆکوەزیران، دواین دەروازەی ئاسمانیی نێوان هەردوو وڵات بە تەواوی داخرا.
لە بەرامبەردا، دەسەڵاتە فەرمییەکانی عێراق بە تەواوی ڕێکارە نوێیەکانی گەشتکردنیان جێبەجێ کردووە؛ بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف ڕایگەیاند بە پشتبەستن بە ڕێنماییەکانی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، سەرجەم گەشتەکانی هاتن و چوون لەگەڵ ئێران تا ئاگادارییەکی نادیار ڕاگیراون، ئەمەش دوای ئەوە هات کە لە 23ـی ئەیلوول وادەی دیاریکراوی ئەمریکا بۆ مامەڵە لەگەڵ فڕۆکەوانیی ئێران کۆتایی هات و سزا بەسەر 27 کۆمپانیادا سەپێنرا. هاوکات لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدادیش کۆمپانیاکانی (مینزیس و ناس)ی بەریتانی بۆ خزمەتگوزاریی زەمینی، لە ترسی سزاکانی واشنتن پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییان بە فڕۆکە ئێرانییەکان ڕاگرت، بەمەش سەرجەم هێڵە ئاسمانییەکانی عێراق لەگەڵ تاران پچڕان.
سەپاندنی سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بەسەر کەرتی فڕۆکەوانیی ئێراندا، مەترسیی سزادانی دارایی لەسەر دامەزراوە و فڕۆکەخانەکانی عێراق دروستکردووە لە ئەگەری پێشکەشکردنی هەر جۆرە خزمەتگوزارییەکی لۆجستی یان سووتەمەنی بە فڕۆکەکانی تاران. ئەم هۆشدارییە کۆمپانیا بیانییە کارپێکەرەکانی فڕۆکەخانەکانی ناچار کردووە دەستبەجێ کارەکانیان ڕابگرن.
ئەم دۆخە حکومەتی فیدراڵی خستووەتە بەردەم گوشاری توندی گرووپەکانی بەرەی موقاوەمە، کە بڕیاری ڕاگرتنی گەشتەکان وەک ملکەچبوون بۆ بڕیارەکانی واشنتن دەبینن، لە کاتێکدا بەرپرسانی بەغداد ترسیان هەیە هەر سەرپێچییەک لە سنووری سزاکان، کەرتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق ڕووبەڕووی دابڕانی نێودەوڵەتی بکاتەوە.
عێراق داوای بەدەرکردنی فڕۆکەخانەکانی لە سزاکانی سەر ئێران دەکات
بزووتنەوەی نوجەبا هەڕەشەی مانگرتن لە تەواوی فڕۆکەخانەکانی عێراق دەکات
ڕاوێژکاری ڕێبەری ئێران: گەشتی ئاسمانی لە ناوچەکە یان بۆ هەموان دەبێت با هیچ لایەک نابێت
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا: لە 23ـی ئەیلوولەوە هێڵە ئاسمانییەکانی تاران لە سەرانسەری جیهاندا دادەخرێن