عەلى زەیدى: بەرهەمهێنانى نەوت دەگەیێنینە 10 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا

ئارا ئیبراهیم 1 کاتژمێر پێش ئێستا
یەکێک لە کێڵگە نەوتییەکانی باشووری عێراق، فۆتۆ: AFP
یەکێک لە کێڵگە نەوتییەکانی باشووری عێراق، فۆتۆ: AFP

پووختەی هەواڵەکە:

  • عەلى زەیدى: بەرهەمهێنانى نەوت 4.5 ملیۆن بەرمیلە لە ڕۆژێکدا
  • عێراق چەندین گرێبەستى بۆ زیادکردنى بەرهەمهێنانى نەوت لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان ئەنجامداوە

عێراق هەوڵەکانى چڕ کردووەتەوە و چەندین گرێبەستى لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانى ئەمریکا و چین و بەریتانیا و فەڕەنسا کردووە بۆ زیادکردنى بەرهەمهێنانى نەوت.


دیدار و کۆبوونەوەکانی زەیدی لە ئەمریکا و بەڵێنی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمی نەوت

  • عەلی زەیدی لەگەڵ نوێنەری بانک و دامەزراوە داراییەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، عێراق لەبەردەم قۆناغێکى نوێى ئابووریدایە، ڕۆژانە چوار ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت.
  • سیاسەتى حکومەتى عێراق بە ئاڕاستەى بەرزکردنەوەى بەرهەمى نەوتە بۆ 10 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا و عێراق کراوەیە بەڕووى کۆمپانیا و بانکە ئەمریکی و جیهانییەکان.
  • عێراق پێش جەنگى ئێران بەگوێرەى داتاى وەزارەتى دارایی فیدراڵ، لەسەدا 88%ـى داهاتەکەى لەنەوتەوە دەستکەوتووە.

عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە ئەمریکا لەگەڵ نوێنەرى بانک و دامەزراوە داراییەکانى ئەمریکا کۆبووەوە، ڕایگەیاند" عێراق لەبەردەم قۆناغێکى نوێى ئابووریدایە، ڕۆژانە چوار ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت".

ڕاشیگەیاند" سیاسەتى حکومەتى عێراق بە ئاڕاستەى بەرزکردنەوەى بەرهەمى نەوتە بۆ 10 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا و عێراق کراوەیە بەڕووى کۆمپانیا و بانکە ئەمریکی و جیهانییەکان".

عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەى لە چوارچێوەى ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) پابەند بووە بە سیاسەتى بەرهەمهێنانى نەوتەوە، بەردەوام داواى زیادکردنى پشکى بەرهەمهێنان دەکات.

نیگەرانییەکانی لە هەوڵەکانی عێراق بۆ زیادکردنی بەرهەمی نەوت


لەناو رێکخراوى ئۆپێک سعودیە بە پلەى یەکەم و ئێران نیگەرانن لە هەوڵەکانى عێراق بۆ زیادکردنى بەرهەمهێنانى نەوت.

ئیمارات، کە یەکێکە لە بەرهەمهێنەرە سەرەکی و کاریگەرەکانی نەوت لە جیهان لە 28ـی نیسان کشایەوە لە ڕێکخراوى ئۆپێک و لە سەرەتاى مانگى ئایار پەیوەندییەکانى و پابەندییەکانى لەگەڵ هەردوو ڕێکخراوى ئۆپێک و ئۆپێک پڵەس پچڕاند، ئەم هەنگاوەی ئیمارات بەهۆی ناڕەزایەتی بووە لە سنووردارکردنى ئەو پشکانەی لەسەر بڕی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەو وڵاتە دایاننابوو، کە ڕێگەی نەدەدا بەگوێرەى توانای ڕاستەقینەی خۆی نەوت بخاتە بازاڕەوە.

لە چ حاڵەتێکدا عێراق بڕیاری کشانەوە دەدات لە ئۆپیک؟


لەحاڵەتێکدا ڕێکخراوى ئۆپێک ببێتە بەربەست لە بەردەم زیادکردنى بەرهەمهێنانى نەوت و ڕێگەى پێنەدرێت بەگوێرەى تواناى ڕاستەقینەى نەوت بەرهەمبهێنێت، هیچ دوور نییە عێراق هاوشێوەى ئیمارات بکشێتەوە لە ئۆپێک، ئەوکات دەستکراوە دەبێت بۆ زیادکردنى بەرهەمهێنانى نەوت و هەناردەکردنى.



ئامانجی ئۆپیک و هاوسەنگی بازاڕ


ئامانجى ئۆپێک بۆ ئەوەیە هاوسەنگیى بازاڕى نەوت ڕابگرێت لەسەر بنەماى خواست و خستنەڕوو، هەر وڵاتێک پابەند نەبووبێت بە ڕێژەى بەرهەمهێنانەوە، داواى قەرەبووکردنەوەى لێ کراوە لە مانگەکانى دواتردا، عێراق یەکێکبووە لەو وڵاتانەى چەندینجار بەهۆى زیادبوونى بەرهەمهێناوە پابەندکراوە بە قەرەبووکردنەوە کە بەرهەمهێنانى کەمبکاتەوە و لەو ئاستەدا بێت ئۆپێک بۆى دیاریکردووە.

عێراق پێش جەنگى ئێران بەگوێرەى داتاى وەزارەتى دارایی فیدراڵ، لەسەدا 88%ـى داهاتەکەى لەنەوتەوە دەستکەوتووە، ئیستاش لەم دۆخەدا کە کۆمپانیا بیانییەکان چەندین گرێبەستیان لەگەڵ وەزارەتى نەوتى عێراق کردووە، دەیانەوێت بەرهەمهێنانى نەوت زیاد بکەن.

لە سەردەمى کابینەى محەممەد شیاع سودانى، حەیان عەبدولغەنى، وەزیرى نەوتى عێراق چەندین جار ئەوەى گوتووە، کە ئامانجیان ئەوەیە تاوەکو کۆتایی 2028 بگەنە حەوت ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

زانیاری زیاتر بۆ تۆ:

وەزیرى نەوت: هەناردەى نەوت نیمچە ئاسایی بووەتەوە

هەناردەى نەوتى عێراق لە مانگى ڕابردوودا گەیشتووەتە 73 ملیۆن بەرمیل

لە مانگى ئابدا هەناردەى نەوتى عێراق بە ڕێژەى 70% بەرزبووەتەوە

ئارا ئیبراهیم

1 کاتژمێر پێش ئێستا