چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر گەشتەکانی ئێران ڕەخنە لە زەیدی دەگرێت

کۆبوونەوەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی
کۆبوونەوەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی

پووختەی هەواڵەکە:

  • سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دژی بڕیاری ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران لەلایەن حکومەتەوە وەستانەوە.
  • هادی عامری داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات لە بڕیاری بەشداریکردن لە گەمارۆکە پاشگەزببێتەوە.
  • هومام حەموودی داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان دەکات.
  • وەزیری گەنجینەی ئەمریکا هەڕەشەی سەپاندنی سزای توند لە هەر وڵاتێک دەکات کە فڕۆکەی ئێرانی وەربگرێت.

بڕیاری ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لەگەڵ ئێران، ناکۆکی و گرژیی توندی لەناو ماڵی شیعی دروستکردووە و سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بە توندی هێرش دەکەنە سەر عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق. لە کاتێکدا زەیدی بەهۆی ترسی سزاکانی واشنتن فڕۆکەخانەکانی داخستووە، هاوپەیمانە سەرەکییەکانی حکومەت ئەم هەنگاوە بە پاشەکشە لە سەروەری و ملکەچبوون بۆ ئەمریکا ناو دەبەن.


ڕەخنە و هەڵوێستی سەرکردەکانی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی:

  • هادی عامری، ئەمینداری ڕێکخراوی بەدر ڕایگەیاند سزاکانی ئەمریکا لەسەر ئێران ستەمکارانەن و داوای لە سەرۆکوەزیران کرد لە بڕیارەکەی پاشگەزبێتەوە.
  • عامری جەختی کردەوە ڕەتکردنەوەی جێبەجێکردنی سزاکانی واشنتن بە یەکەمین تاقیکردنەوەی ڕاستەقینە بۆ بەدیهێنانی سەروەریی عێراق دادەنرێت.
  • هومام حەموودی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کرد دژ بە داخستنی فڕۆکەخانەکان.
  • قەیس خەزعەلی، ئەمینداری عەسائیبی ئەهلی حەق دژایەتیی تەواوی خۆی بۆ پچڕاندنی پەیوەندییە ئاسمانییەکان لەگەڵ تاران دەربڕی.
  • ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی عەمار حەکیم هۆشداری دا لە کاریگەریی ئەم بڕیارە لەسەر پەکخستنی سەردانی زیارەتکاران بۆ شوێنە پیرۆزەکان.

هۆشدارییەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا و پێگەی سەرۆکوەزیران:

هەڵوێستی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ڕاگرتنی گەشتەکان پەیوەستە بەو هۆشدارییە توندانەی کە سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە؛ بەپێی ڕێکارەکانی واشنتن لە 23ـی ئەیلوولەوە سەرجەم کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی ئێران خراونەتە لیستی ڕەشەوە، و وەزیری گەنجینە بە ڕوونی هۆشداری داوە کە هەر وڵاتێک ڕێگە بە نیشتنەوەی فڕۆکەی ئێرانی بدات یان خزمەتگوزارییان پێشکەش بکات، ڕاستەوخۆ هەمان سزای ئابووری و دارایی بەسەردا دەسەپێنرێت، ئەمەش حکومەتی بەغدادی خستووەتە بەردەم مەترسیی سڕکردنی سیستەمی فڕۆکەوانیی مەدەنیی وڵاتەکەی.

چوارچێوەی هەماهەنگی گەورەترین هاوپەیمانیی پەرلەمانیی شیعەکانە لە عێراق کە کابینەکەی عەلی فالح زەیدی پێکهێناوە، بەڵام بڕیاری داخستنی فڕۆکەخانەکان گەورەترین درزی سیاسی لەنێوان سەرۆکوەزیران و سەرکردە دەستڕۆیشتووەکانی ئەو هاوپەیمانێتییە دروستکردووە. زۆربەی ئەم هێزانە بەهۆی پەیوەندییە بەهێزەکانیان لەگەڵ تاران، نایانەوێت بەغداد ببێتە بەشێک لە گەمارۆکانی سەر ئێران.

ئەم قەیرانە ناوخۆییەی دەسەڵاتی بەغداد هاوکاتە لەگەڵ پشتبەستنی تەواوەتیی بانکی ناوەندیی عێراق بە سیستەمی فیدراڵیی ئەمریکا بۆ دابینکردنی دۆلار، ئەمەش وا دەکات هەر یاخیبوونێکی فەرمی لە بڕیارەکانی گەنجینەی ئەمریکا، کەرتی دارایی و ئابووریی عێراق ڕووبەڕووی لێکەوتەی مەترسیدار بکاتەوە.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ

ڕاگرتنى گەشتە ئاسمانییەکان لەگەڵ ئێران عەلى زەیدى خستووەتە ژێر فشارەوە

فڕۆکەوانیی عێراق سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی عێراق وهەرێمی کوردستانی لەگەڵ ئێران ڕاگرت

ڕاوێژکاری ڕێبەری ئێران: گەشتی ئاسمانی لە ناوچەکە یان بۆ هەموان دەبێت با هیچ لایەک نابێت

فەیحان: ڕاگرتنی گەشتەکانی ئێران زیان بە ئابووریی عێراق دەگەیێنێت

Loading related news...