ئەمڕۆ چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق بۆ تاوتوێکردنی کشانەوەی ئەمریکا کۆدەبنەوە
پووختەی هەواڵەکە:
- چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق لە سەرۆکایەتیی کۆمار کۆبوونەوەیەکی باڵا ئەنجام دەدەن.
- کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە 30ـی ئەیلوول لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکەیە.
- پرسی تەواوکردنی کابینەی حکومەت و هەماهەنگیی دامەزراوەکان گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.
- کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت و گفتوگۆ لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان تاوتوێ دەکرێت.
زانیاریی گویشتووە بە کەناڵ8 کە چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشدا کۆمەڵێک دۆسیەی چارەنووسسازی ئەمنی و سیاسی تاوتوێ دەکەن، بە تایبەتی پرسی چەک و تەواوبوونی کاتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، لە کاتێکدا هەوڵەکان بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستە بەتاڵەکانی ناو کابینەی حکومەت دەستیپێکردووە.
سەرچاوەیەک لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لەبارەی کۆبوونەوەکە بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند:
- کۆبوونەوەکە کاتژمێر 5:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار لە بەغداد بەڕێوەدەچێت.
- هەریەک لە نزار ئامێدی سەرۆککۆمار، عەلی زەیدی سەرۆکوەزیران، هەیبەت حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمان و فایەق زێدان سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری بەشدار دەبن.
- پرسی تەواوکردنی پێکهاتەی کابینەی حکومەت و ڕێککەوتن لەسەر وەزارەتەکان لە تەوەرە سەرەکییەکان دەبێت.
- هەماهەنگیی نێوان هەرسێ دەسەڵاتی جێبەجێکردن، یاسادانان و دادوەری بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی گشتیی وڵات تاوتوێ دەکرێت.
دۆسیە ئەمنییەکان، کۆنترۆڵکردنی چەک و کشانەوەی ئەمریکا:
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەی سەرۆکایەتییەکاندا، پرسی کۆتاییهاتنی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە 30ـی ئەیلوول تاوتوێ دەکرێت؛ هاوکات سەرکردەکانی عێراق میکانیزمی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت و چۆنیەتیی گفتوگۆکردن لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان دەخەنە بەرباس، بە ئامانجی جێگیرکردنی ئاسایشی ناوخۆیی و ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ ململانێ سەربازییەکان.
پێشینە و ئاڵنگارییەکانی بەردەم عێراق:
ئەم کۆبوونەوە چوارقۆڵییەی سەرکردەکانی بەغداد هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانان لە عێراق؛ لە لایەکی دیکەشەوە، بوونی چەک لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان و هەستیاریی ڕەوشی ناوچەکە وایکردووە دامەزراوە باڵاکانی دەوڵەت هەوڵی داڕشتنی هەڵوێستێکی یەکگرتوو بدەن بۆ بەڕێوەبردنی قۆناغی دوای کشانەوەی هێزە بیانییەکان و سەپاندنی سەروەریی یاسا.
زانیاریی زیاتر بۆ تۆ:
عێراق خۆى بۆ ئاهەنگى ڕۆژى سەروەرى و کشانەوەى ئەمریکا ئامادە دەکات
حکومەتی عێراق سێ ڕۆژ پشووی فەرمیی ڕاگەیاند
ئەمریکا بنکەی پاڵپشتیی دیپلۆماسیی ڕادەستی عێراق دەکاتەوە
هێزەکانی تورکیا هاوشێوەی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق دەکشێنەوە
1 کاتژمێر پێش ئێستا