
عێراق و ئەمریکا، ڕێککەوتنێکیان لەسەر ڕادەستکردنەوەی بنکەی پاڵپشتیی دیپلۆماسیی باڵیۆزخانەی ئەمریکایان لە فڕۆکەخانەی بەغداد واژۆکرد.
ڕێوڕەسمی واژۆکردنی ڕێککەوتنی ڕادەستکردنەوەی بنکەکە لە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەنێوان محەممەد بەحر ئەلعلوم، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق و ستیڤن ڤاگن، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق بەڕێوەچوو.
واژۆکردنی ئەو ڕێککەوتننامەیە، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتی عێراقدا دێت، بۆ تەواوکردنی ڕێکارە پەیوەندیدارەکانی پەیوەست بە کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و بوونی هێزی سەربازیی بیانی لە عێراق تاوەکو 30ی ئەم مانگە.
بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕادەستکردنەوەی بنکەی پاڵپشتیی دیپلۆماسیی ئەمریکا بە هەنگاوێکی گرنگی بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا ناودەبات و دەڵێت، پەیوەندییەکانیان دەچێتە قۆناغێکی نوێی هاوکاری و هاوبەشی لە چەند بوارێکی جیاوازدا، بە تایبەت لە کەرتەکانی ئابووری، پەرەپێدان و وزە.
هاوکات ستیڤن ڤاگن، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا، پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی بەغداد و واشنتن دووپاتکردووەتەوە، بە پشتبەستن بەو ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنانەی لەنێوان هەردوو وڵاتدا واژۆکراون.
وەزارەتی جەنگى ئەمریکا: کۆتایی ئەیلوول ئەرکی هاوپەیمانان لە عێراق کۆتایی دێت
شەمەری: 30ـى ئەیلوول ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان کۆتایی دێت
سەباح نوعمان: لیژنەیەک بۆ داڕشتنەوەی داهاتووی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا پێکدێت
