
ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە ، ترەمپ ڕەنگە خۆی بەدووربگرێت لە هێرشکردنە سەر ئێران ئەگەر تاران گێچەڵى پێ نەکات.
هەواڵگریی ئەمریکاش پێیوایە هێرشی دووبارە نابێتە هۆی گۆڕانکاریی بەرچاو لە داواکارییەکانی ئێران.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بە ڕاوێژکارە باڵاکانی ڕاگەیاندووە، ڕەنگە خۆی بەدوور بگرێت لە هێرشکردنە سەر ئێران، ئەگەر ئێران یان حوسییەکانی یەمەن گێچەڵى پێنەکەن.
لە ماوەی دواییدا لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکا، لەنێوان هەڕەشەی گەرمکردنەوەی جەنگەکە بە هێرشی نوێ و کەمکردنەوەی دوژمنکارییەکان گۆڕاوە.
هەرچەندە بەرپرسانی ئێستا و پێشووی ئەمریکا باوەڕیان وایە، ترەمپ هێشتا بڕیاری لەسەر چۆنییەتی چارەسەرکردنی ئەم ململانێیە نەداوە.
ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری سێ سەرچاوەی ئاگادار لە بابەتەکە بڵاویکردووەتەوە، لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ ڕاوێژکارانی ئاسایشی نیشتمانی، ترەمپ گوتوویەتی، بیری لە دواخستنی هێرشەکان بۆ سەر ئێران کردووەتەوە.
هەروەها هاوسۆزیی خۆی بۆ هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا دەربڕیوە، کە داوایان لێکردووە، نەگەڕێتەوە بۆ جەنگێکی تەواوەتی، بەتایبەتی سعودیە و تورکیا.
ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، ترەمپ لە دیمانەیەکیدا ڕاگەیاند:"دەتوانم دەستبەجێ کۆتایی پێبهێنم، بەڵام لەسەر داوای ئەو وڵاتانەی کە دەمەوێت بیانپارێزم، بە ڕێگەیەکی کەمێک درێژتر و بە شێوەیەکی شارستانیتر دەیکەین".
دوو بەرپرسی ئەمریکی کە ئاگاداری زانیارییەکانن بە ڕۆیتەرزیان گوتووە، ئاژانسی هەواڵگریی ئەمریکا هەڵیانسەنگاندووە، گەمارۆی دەریایی ئەمریکا و سزا ئابوورییەکان، زیان بە ئابووریی ئێران دەگەیەنن و بەردەوام دەبن لە فشارخستنە سەر تاران.
هەر بە گوتەی سەرچاوەکانی ڕۆیتەرز، ئەگەر پێویست بکات سوپای ئەمریکا ئامادەیە جارێکی دیکە هێرشەکان دەستپێبکاتەوە و لە ڕۆژانی داهاتوودا کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگر بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگوازرێتەوە، بۆ جێگرتنەوەی یەکێک لەو دوو کەشتییەی کە ئێستا لە ناوچەکەدا کار دەکەن، بەڵام هەر سێ کەشتییەکە ئەگەر پێویست بکات دەتوانن بمێننەوە.
هەر بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵگریی ئەمریکا، هێرشی دووبارە نابێتە هۆی گۆڕانکاریی بەرچاو لە داواکارییەکانی ئێران لە دانوستانەکاندا.
لەلایەکی دیکەوە، بە گوتەی بەرپرسانی ئەمریکی، بەرپرسانی ئیسرائیل بەردەوامن لە فشارخستنە سەر ئیدارەی ترەمپ، تاوەکو ئۆپراسیۆنێکی دیکەی سەربازیی دژی ئێران دەستپێبکات، بەڵام تاوەکو ئێستا سەرۆکی ئەمریکا خۆی لە خولێکی دیکەی هێرش بۆ سەر ئێران بەدوورگرتووە.
