هەزاران گەشتى فڕۆکەوانى وەستان و خەڵک پەنایان بۆ هۆکارەکانى گواستنەوەى گشتى برد.
لە پاش ڕووداوەکانی 11ـی سێپتێمبەرەوە یەکەمجارە حاڵەتی لەو جۆرە ڕووبدات.
بەگوێرەی میدیاکانی ئەمریکا هۆکارەکە پچڕانی زنجیرەیی شەپۆلەکان بووە.
لە کتوپڕێکدا ئاسمانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەتەواوی داخرا، وەزیری جەنگ بەپەلە چووە ژووری ئۆپراسیۆنەکانی کۆشکی سپی و نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI) خرایە حاڵەتی ئامادەباشییەوە! فەرمان درا هیچ فڕۆکەیەک لە زەوی بەرز نەبێتەوە و زیاتر لە حەوت هەزار گەشت پەکیان کەوت.
پاشنیوەڕۆی ڕۆژی هەینی، چاودێریی جموجۆڵی ئاسمانی لە کارگێڕیی فڕۆکەوانیی فیدراڵیی ئەمریکا (FAA) لە ڕاگەیێندراوێکی بەپەلەدا گوتى "بەهۆی بارودۆخی نائاسایی و لەپێناو سەلامەتیدا، پێویستە سەرجەم فڕۆکەکان لەسەر زەوی بمێننەوە.
FAA ڕاشیگەیاند، هیچ گەشتێک ناکرێت تاوەکو ئاگادارکردنەوەیەکی دیکە، هەروەها بڕیار درا گەشتە نێودەوڵەتییەکانی هاتوو بۆ ئەمریکا، هەریەکەو بەگوێرەى دۆخی تایبەتی خۆی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
پێش دەرکردنی ئەم بڕیارە سەرتاسەرییە بە ماوەیەکی کەم، کێشەیەکی مەترسیدار لە پەیوەندییەکاندا سەریهەڵدا و سەرەتا گەشتەکان بەدیاریکراوی لە شاری شیکاگۆ ڕاگیران، بەڵام زۆر بەخێرایی قەیرانەکە تەشەنەی سەند بۆ تەواوی وڵات.
شۆن دەفی، وەزیری گواستنەوەی ئەمریکا لە تۆڕى ئێکس:
کێشەکە لە سیستەمی پەیوەندییەکاندایە و کاریگەریی کردووەتە سەر هەر 22 سەنتەرە هەرێمییەکەی چاودێریی جموجۆڵی ئاسمانی لە سەرانسەری ئەمریکا کە بەرپرسن لە ئاراستەکردنی فڕۆکەکان لەنێوان فڕۆکەخانەکاندا و تیمە تەکنیکییەکانیش دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.
هۆکارەکە "پچڕانی زنجیرەیی شەپۆلەکان"بووە کە بە واتای لەکارکەوتنی یەک لە دوای یەکی سیستمی پەیوەندیی بێتەل دێت لەنێوان فڕۆکەوانەکان و چاودێرانی ئاسمانیدا.
بەجۆرێک پچڕانەکە لەبری ئەوەی لە یەک شوێنی دابڕاودا بمێنێتەوە، بەشێوەی زنجیرەیی بەناو سەنتەرە جیاوازەکاندا بڵاودەبێتەوە.
ئەمەش یەکەم وەستانی گشتگیری گەشتەکانە لە ئەمریکا لە دوای کانوونی دووەمی 2023ـەوە کاتێک یەکێک لە سیستەمە سەرەکییەکانی کۆمپیوتەری کارگێڕییەکە پەکی کەوت.
مەترسییەکە گەیشتە ئاستێک کە بەگوێرەى ڕاپۆرتەکانی (سی ئێن ئێن)، بەشێک لە ئاسمانی ئەمریکا چووە ناو دۆخێکی دەگمەنەوە کە پێی دەگوترێت ئەی تی سی زیرۆ (ATC Zero)، واتە بنکەی چاودێریی ئاسمانی بەتەواوی توانای پێشکەشکردنی هەموو خزمەتگوزارییەک لەدەست دەدات، بە پاراستنی مەودای سەلامەتیی نێوان فڕۆکەکانیشەوە.
هۆکاری ڕیشەیی ئەم داڕمانە دەگەڕێتەوە بۆ پەککەوتنی تۆڕی ژێرخانی پەیوەندییەکانی کارگێڕیی فڕۆکەوانی کە بە (FTI) ناسراوە تۆڕێکی نیشتمانیی پارێزراوە کە دامەزراوەکانی فڕۆکەوانیی ئەمریکا پێکەوە دەبەستێتەوە.
پچڕانی هێڵی (FTI) ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی پچڕانی پەیوەندیی نێوان بنکەکانی چاودێری، لەناوچوون یان تێکچوونی داتاکانی ڕادار و گەشتەکان، وەستانی بەشێک لە ئامێرەکانی کارپێکردن، چالاککردنی ڕێکارەکانی پەیوەندیی یەدەگ و فریاگوزاری، و سەپاندنی کۆتوبەندی کارپێکردن.

کۆمارییەکان لە لیژنەی بازرگانیی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا و بەرپرسانی فڕۆکەوانی لە سۆشیاڵ میدیا:
لە سەردەمی سەرۆک لیندۆن جۆنسنەوە هیچ سەنتەرێکی نوێی چاودێریی ئاسمانی لە ئەمریکا دروست نەکراوە.
کۆنگرێس بەم دواییە یاسایەکی پەسەند کردووە بۆ تەرخانکردنی 1.9 ملیار دۆلار بە مەبەستی گۆڕین و یەکخستنی ئەو دامەزراوە کۆنانە.
نزیکەی حەوت هەزار گەشتی ئاسمانی لە ئەمریکا دواخران و هەڵوەشانەوە.
لە سەرەتای وەستانەکەدا سێ هەزار و 100 فڕۆکە لە ئاسمانەوە بەرەو فڕۆکەخانەکانی ئەمریکا دەهاتن بێ ئەوەی هیچ فڕۆکەیەکی نوێ بفڕێت.
دواتریش ژمارەی گەشتەکان بەشێوەیەکی کتوپڕ دابەزی بۆ تەنیا نزیکەی هەزار گەشت، لە کاتێکدا لە هەمان کاتی هەفتەی ڕابردوودا زیاتر لە چوار هەزار و 500 گەشت تۆمار کرابوو.
قەیرانەکە سنوورەکانی ئەمریکاشی تێپەڕاند، ڕێکخراوی ئەورووپی بۆ سەلامەتیی فڕۆکەوانی لەسەر داوای ئەمریکا سەرجەم گەشتەکانی بۆ ئەو وڵاتە ڕاگرت، و هێڵی ئاسمانیی کەنەداش هەموو گەشتەکانی چوون و هاتنی لەگەڵ ئەمریکا وەستاند.
لە ناوخۆی ئەمریکاشدا خەڵک بەلێشاو ڕوویان لە کۆمپانیای هێڵی ئاسنینی شەمەندەفەری ئەمتراک (Amtrak) کرد وەک جێگرەوە.
بەجۆرێک بەهۆی فشاری زۆرەوە ماڵپەڕ و ئەپڵیکەیشنەکەی تووشی پەککەوتن بوون.

لەسەر ئاستی سیاسی و ئەمنی، باڵی ڕۆژئاوای کۆشکی سپی کەوتە حاڵەتی ئامادەباشیی چڕەوە.
پیت هێگسێس، وەزیری جەنگی ئەمریکا چووە ژووری ئۆپراسیۆنەکان.
مارکوەین مۆڵین، وەزیری ئاسایشی ناوخۆ لە کۆشکی سپییەوە وەڵامی ڕۆژنامەوانانى دایەوە.
مارکوەین مۆڵین:
لێکۆڵەران بەوردی لەوە دەکۆڵنەوە ئایا پەیوەندییەک لەنێوان ئەم هەرەسە تەکنیکییە و بەگەڕخستنی قۆناغ بە قۆناغی سیستەمێکی نوێدا هەیە کە پشت بە ژیریی دەستکرد دەبەستێت.
سیستەمێک کە لە یەک بنکەی نزیک واشنتنەوە کار دەکات و کارگێڕیی فڕۆکەوانی لە سەرانسەری وڵاتدا خستوویەتییە کار بۆ دەستنیشانکردنی کێشەکان و دووبارە ئاراستەکردنەوەی فڕۆکەکان.
دوای چەندین کاتژمێر لە ڕاگرتنی تەواوەتی گەشتەکان، کارگێڕیی فڕۆکەوانیی فیدراڵیی ئەمریکا (FAA) بە فەرمی دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی لە سەرانسەری وڵاتدا ڕاگەیاند. واجار ئاسمانی ئەمریکا بەڕووی فڕۆکەکاندا کرایەوە، بەڵام گوتەکانی وەزیری گواستنەوەی ئەمریکا لەسەر هۆکاری کارەساتەکە، لە خودی داخستنی ئاسمانەکە شۆککەرتر بوو.
هەرچەندە ئاسمانمان کردووەتەوە، بەڵام جموجۆڵەکە خاو دەبێت و پێویستمان بە کات و ستافی پێویستە بۆ گەڕانەوە بۆ دۆخی ئاسایی.
لە کاتی ڕاگرتنەکەدا ڕادار و پەیوەندییەکان بەتەواوی نەپچڕابوون و هەندێک کەناڵی پەیوەندی بە کارایی هێڵدرابوونەوە.
سیستەمی ئاسمانیی ئێمە زۆر کۆنە و ئەمەی ڕوویدا ڕووداوێکی دابڕاو نییە، بەڵکو کێشەیەکی بەردەوامە.
زۆرێک لە تاوەرەکانی چاودێریی ئاسمانیمان تەمەنیان لە 100 ساڵ زیاترە، چاودێرانی جموجۆڵی ئاسمانی لەناو باڵەخانەیەکدا کار دەکەن کە سەقفەکانیان ئاویان لێ دەچۆڕێت و ئامێرەکانی فێنککەرەوەیان لەکارکەوتوون.
لەلایەکی دیکەوە، مارکوەین مۆڵین، وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا دڵنیایی دایە هاووڵاتییان کە ئەوەی ڕوویدا بە هیچ شێوەیەک دووبارەبوونەوەی هێرشەکانی 11 سێپتێمبەری 2001 نییە و لە کاتی پەککەوتنەکەشدا ژیانی هیچ کەسێک نەکەوتووەتە مەترسییەوە.
مۆڵین بەفەرمی ڕەتیکردەوە هیچ هێرشێکی سایبەری لەپشت وەستانی گەشتەکانەوە بێت، هەروەها جەختی کردەوە کە هیچ پەیوەندییەک لەنێوان پەککەوتنی فڕۆکەوانی و ئەو کێشە تەکنیکییەدا نییە کە ڕووبەڕووی خزمەتگوزاریی پۆستی ئەلیکترۆنی (ئیمەیڵ)ی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت بووەتەوە.
