
هەوڵی لەکارلابردنی وەزیری جەنگى ئەمریکا شکستی هێنا.
ترەمپ: پیت هێگسێت نیشتمانپەروەرێکی مەزنی ئەمریکییە.
ئەمڕۆ کۆمارییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، ڕێگرییان لە هەوڵێک کرد بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە پیت هێگسێت، وەزیری بەرگریی وڵاتەکە.
ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، بە 211 دەنگ بەرامبەر 204 دەنگ، بڕیاریدا بڕیارنامەی لێسەندنەوەی متمانە، بنێرێتە کۆمیتەی دادوەری، بەمەش ڕێگری لە ئاڕاستەکردنی تۆمەتی فەرمی دژی بەرپرسەکەى پنتاگۆن کرا.
ناردنی بڕیارنامەکە بۆ کۆمیتەی دادوەری، هەوڵی خێرای لێسەندنەوەی متمانە ڕادەگرێت.
بەڵام ڕێگری لە دیموکراتەکان ناکات لە زیندووکردنەوەی هەوڵەکە، دوای ئەوەی لە مانگی کانوونی دووەمدا، کۆنتڕۆڵی کۆنگرێس دەگرنەدەست.
بڕیارنامەکە ڕۆژی دووشەممە لەلایەن تۆماس ماسی، ئەندامی کۆنگرێسی کۆمارییەوە پێشکەش کرا، کە ڕەخنەگرێکی ترەمپە و بەگوێرەى میدیاى ئەمریکی، تەنیا ئەندامی پارتەکەی بوو، دژی وەزیری جەنگ وەستایەوە.
هەوڵەکانی لێسەندنەوەی متمانە لە وەزیری بەرگری، کێشەکانی ترەمپ ئاڵۆزتر دەکات، بەتایبەت دوای ئەوەی دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنەکانی هەفتەی ڕابردوودا، سەرکەوتنێکی گەورەیان بەدەستهێنا، لە کاتێکدا تووڕەیی لە جەنگی ئێران و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی بووە هۆی ئەوەی دەنگدەران ڕەتکردنەوەیەکی مێژوویی کۆمارییەکان بکەن.
دوای ئەوەی ڕێکارەکانی لەکارلابردنی پیت هێگسێت لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ڕەتکرانەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ستایشی سەرۆکی پنتاگۆنی کرد و بە "نیشتمانپەروەرێکی مەزنی ئەمریکی" ناوی برد.
لە ڕۆژی سێشەممەدا، هێگسێت هەوڵی لێسەندنەوەی متمانەی بە "گاڵتەجاڕی" وەسف کرد و بەرگری لە مێژووی کاری خۆی کرد لە سەرکردایەتیکردنی جەنگی ئێران و ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی دیکە لە سەردەمی ترەمپدا.
هەشت ماددەکەی بڕیارنامەکەی ماسی بۆ لێسەندنەوەی متمانە، پیت هێگسێتی بەوە تۆمەتبار کردووە کە بێ مۆڵەتی کۆنگرێس و بە شێوازێکی نایاسایی جەنگی دەستپێکردووە و دەسەڵاتەکانی خۆی وەکو بەرپرسی پنتاگۆن خراپ بەکارهێناوە.
وەزیری بەرگریی ئەمریکا ڕەخنە لە هەوڵەکانی لەکارلابردنی دەگرێت
