
پیت هێگسێت بەرگری لە مێژووی سەربازیی خۆی کرد.
ڕەخنەی لەو هەوڵانە گرت کە بۆ لەکارلابردنی دەدرێن.
پیت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، هەوڵەکانی لێپرسینەوەی بە کۆمیدیا ناوبرد و ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ وەزیرێکی جەنگ لەسەر ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازیی یاسایی، لێپرسینەوەی لێنەکراوە.
پێشتر لە ساڵانی 2019 و 2021ـیش هەوڵی لە کارلابردنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا درا.
هەردوو جارەکە شکستیان هێنا و ئەمجارەش شکست دەهێنن.
لێدوانەکانی هێگسێت دوای ئەوە هات، ڕۆژی دووشەممە، تۆماس ماسی، نوێنەری کۆمارییەکان لە ویلایەتی کنتاکی، پێشنیازێکی پێشکەشی کۆنگرێسی ئەمریکا کرد، بۆ دوورخستنەوەی پیت هێگسێت.
هەرچەندە پێشبینی دەکرێت ئەم هەوڵە شکست بهێنێت، بەوپێیەی کۆمارییەکان تاوەکو مانگی کانوونی دووەمی 2027 زۆرینەن لە کۆنگرێسدا.
لە بارەی لێدوانەکانی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، کە ڕایگەیاندبوو، جەنگی ئێران هۆکارێکی سەرەکی بووە بۆ شکستی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنەکاندا، هێگسێت گوتی: "سیاسەت کاری من نییە، کاری من بەشی جەنگ و دڵنیابوونەوەیە لەوەی کە ئامادەین."
هەروەها جەختی لەوە کردەوە، هیچ کارێکى هەڵەی نەکردووە و پشتیوانیی خۆی بۆ ترەمپ و جەی دی ڤانس دووپاتکردەوە.
هێگسێت بەرگری لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی یەمەن، ئێران و ڤەنزوێلا کرد، لەگەڵ ئەو هێرشانەی کە کەشتییە گومانلێکراوەکانی قاچاخی ماددە هۆشبەرەکانیان لە دەریای کاریبی و ڕۆژهەڵاتی زەریای هێمن کردبووە ئامانج، و گوتی: "شانازیی بەو ئۆپراسیۆنانەوە دەکەم کە ئەنجاممان داون و ئامادەم لە داهاتووشدا هەمان کار دووبارە بکەمەوە."
چەند ماددەیەک لە دۆسیەی لە کارلابردنەکەی هێگسێت پەیوەندییان بە جەنگی ئێرانەوە هەیە و تۆمەتباری دەکەن بە، پێشێلکردنی یاسای دەسەڵاتی جەنگ، کە داوای ڕاوێژکردن بە کۆنگرێس دەکات، پێش دەستتێوەردانی سەربازی.
لە بەرامبەردا، هێگسێت بەرگری لەو ئۆپراسیۆنانە کرد و گوتی: "سەرکەوتنێکی سەربازیی مێژوویمان لە ئێران بەدەستهێنا و لە کەمتر لە 40 ڕۆژ شەڕکردندا، زیاتر لە 13 هەزار ئامانجمان پێکا".
هاوسەری وەزیرى جەنگ لەژێر چاودێریدایە؛ کۆمپانیاکانی چەک و پارە وەرگرتن
ترەمپ: متمانەم بە وەزیری جەنگ ماوە، بەڵام گۆڕانکاری لە کابینەکەمدا دەکەم