رێژەی كۆچ بەهۆی وشكەساڵییەوە لە عێراق 100% زیادیكردووە

بەلەمێك لەناو زۆنگاوەكانی جەبابیش لە پارێزگای زیقار، كە كاریگەریی وشكەساڵی بەئاشكرا پێوەدیار. فۆتۆ: AP
بەلەمێك لەناو زۆنگاوەكانی جەبابیش لە پارێزگای زیقار، كە كاریگەریی وشكەساڵی بەئاشكرا پێوەدیار. فۆتۆ: AP

لەساڵی 2023دا بەهۆی وشکەساڵی و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە عێراق، دیاردەی کۆچ  بەرێژەی 100% زیادیکردووە  

رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی بڵاویکردەوە، تاوەكو کۆتایی ساڵی 2022 ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی کاریگەرییەکانی کەشوهەواوە لە شوێنەکانی خۆیان کۆچیانکردووە لە پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، گەیشتبووە 68 هەزار کەس.

ئاشکرایکردووە، بەگوێرەی ئەو راپۆرتانەی لەبەردەستدان دیاردەی کۆچ بەهۆی کاریگەرییەکانی کەشوهەواوە، لە نۆ مانگی یەکەمی ساڵی 2023 گەیشتووەتە 130هەزار کەس.

رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەشكردووە، لەماوەی 10 مانگی ساڵی 2023، رێژەی کۆچکردن گەیشتووەتە 91%، بەواتای لەهەر مانگێکدا زیاترلە 6 هەزار کەس کۆچیانکردووە، پێشبینیشیکردووە ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە ناوچەکانی خۆیان جێدەهێڵن زیاتربێت.

پێشتر زانایانی بواری کەشوهەوا لە بەیاننامەیەکدا بڵاویانکردەوە، ئەگەری هەیە رێژەی وشکەساڵی لە عێراق و سوریا 25 پلە زیاتر بەرزببێتەوە لەوەی ئێستا هەیە، لە ئێرانیش 16 پلەی دیکە بەرزببێتەوە.

زانایان و رێکخراوەکانی بواری ژینگە باسلەوەدەكەن، هۆکاری سەرەکی بۆ زیادبوونی وشکەساڵی، دیاردەی گەرمبوونی زەوییە بەهۆی چالاکییە پیشەسازییەکانی حکومەتەکانەوە، ماوەی دوو دەیەیە کاریگەرییەکانی بەتەواوەتی بەسەر زەوییەوە دەرکەوتووە.