
لە 2024 وەرچەرخانێکى گەورە لە تورکیا ڕوویدا و باخچەلی داوای لە ئۆجەلان کرد بانگەوازی چەکدانان بکات.
لەو کاتەوە پەکەکە چەکى داناوە و خۆى هەڵوەشاندووەتەوە.
بەرپرسانى قەندیل و پارتى دەمى بەردەوام ڕەخنە لە دەوڵەت دەگرن و دەڵێن هەنگاوى نەناوە.
22ـی تشرینی یەکەمی 2024، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە وتارێکدا کە لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی پێشکەشیکرد، ڕایگەیاند، ئەگەر گۆشەگیریی لەسەر عەبدوڵا ئۆجەلان هەڵبگیرێت، با بچێت و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتی دەم قسە بکات و لەوێ چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە ڕابگەیەنێت.
گوتیشى "ئەگەر ئەوە بکات، با گۆڕانکاریی یاسایی بکرێت، بۆ ئەوەی سوود لە مافی هیوا وەربگرێت".
ڕۆژێک دوای ئەو قسانەی باخچەلی، عومەر ئۆجەلان، برازای ئۆجەلان سەردانی ئیمراڵی کرد و لەگەڵ مامی کۆبووەوە.
بەوەش گۆشەگیریی سەر ئۆجەلان کۆتاییهات، کە چەند ساڵێک بوو بەردەوام بوو.
لەو دیدارەدا ئۆجەلان وەڵامی باخچەلی دایەوە و ئامادەیی خۆی بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاشتی دەربڕی.
لەو کاتەی عومەر ئۆجەلان لە ئیمراڵی بوو، پەکەکە هێرشی کردە سەر ناوەندی پیشەسازیی ئاسمانیی تورکیا و پێنج کەس کوژران.
هێرشەکە پێشهاتە ئەرێنییەکانی ڕانەگرت.
باخچەلی ڕۆژی 26ـی هەمان مانگ، داوای کرد، شاندی ئیمراڵی پێکبهێنرێت و دەستبەجێ سەردانی ئۆجەلان بکات.
28ـی کانوونی یەکەم، شاندی ئیمراڵی سەردانی ئۆجەلانی کرد.
بەو جۆرەش پڕۆسەکە بە کردەیی و فەرمیی دەستیپێکرد.
لەگەڵ ئەوەی ئۆجەلان بانگەوازی چەکدانانی کرد و پەکەکەش بڕیاری چەکدانانی دا، بەڵام مافی هیوا بە ئۆجەلان نەدرا، کە دەرگای ئازادبوونی بۆ دەکاتەوە و جگە لە شاندی ئیمراڵیش، ڕێگە بە کەس نادرێت سەردانی ئۆجەلان بکات.
باخچەلی تاوەکو ئێستا چەند جارێک ئاماژەی بەوەکردووە، ئۆجەلان وەفادار بوو بۆ قسەکانی، بۆیە پێویستە مافی هیوا و پێگەی پێبدرێت.
سەنگەرگۆڕین لەناو فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی تورکیا بەردەوامە
میدیای تورکیا: 80 هەزار دۆسییەی ئەندامانی پەکەکە ڕادەستی وەزارەتی داد کران





