زیادبوونی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن هەرەشە لە هەوڵە جیهانییەکان دەکات

زیادبوونی چڕی  دوانئۆکسیدی کاربۆن لە بەرگەهەوادا. فۆتۆ:AFP
زیادبوونی چڕی دوانئۆکسیدی کاربۆن لە بەرگەهەوادا. فۆتۆ:AFP

پێشبینیدەکرێت زیادبوونی چڕی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لەئەمساڵدا، زیاتر بێت لەو هەوڵەی لە جیهان بۆ ڕێگریی لە بەرزبوونەوەی دەدرێت، ئەوەش بەگوێرەى توێژینەوەیەکی فەرمانگەی کەشناسی بەریتانیا.

رێککەوتنی پاریس کە لە ساڵی 2015 واژۆ کراوە، ئامانجی ئەوەیە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جیهانی زۆر لە خوار دوو پلەی سیلیزیەوە بێت بە بەراورد بە ئاستی پێش شۆڕشی پیشەسازیی، هەروەها درێژەدانە بە هەوڵەکان بۆ سنووردارکردنی گەرمبوونی پلەی گەرماى زەوی بۆ 1.5 پلەی سەدی.

بەڵام شارەزایان ئاماژە بەوەدەکەن، هەوڵەکان زۆر دوورن لە ئامانجەکانەوە و تادێت رێژەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە بەرگەهەوای زەوییدا زیاددەکات، بە تایبەت لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا ئەم رێژەیە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.

ریچارد بەیتس، توێژەر لە فەرمانگەی کەشناسی بەریتانیا دەڵێت: بەرزبوونەوەی پێشبینیکراوی چڕیی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە بەرگەهەوادا زۆر زیاترە و دوورە لەو سێ سیناریۆیەی کە گەرمبوون بۆ 1.5 پلەی سەدی سنووردار دەکەن.

ریچارد بەیتس دەشڵێت "تەنانەت ئەگەر کاریگەرییە کاتییەکانی ئێل نینۆش وەلا بنێن، دەردانی گازی ژەهراوی بەهۆی مرۆڤەوە دەبێتە هۆی زیادبوونی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، ئەگەری زۆرە لە ساڵی 2024 پلەی گەرمی زەوی بگاتە 1.5 پلەی سیلیزی، ئەمەش دەرئەنجامێکی کارەستبار دەبێت هەسارەکەمان".

بەرزبوونەوی چڕی کاربۆن لە بەرگەهەوای زەوییدا یەکێکە لە هەرەشە جدییەکان، ئەم بەرزبوونەوەیە لە دوای شۆڕشی پیشەسازییەوە دەستیپێکردوە، سەرەڕای هەوڵە نێوەدەوڵەتییەکان ڕۆژ دوای ڕۆژ رێژەکەی لە بەرگە هەوای زەوییدا بەرزدەبێتەوە.