یونسێف: بەهۆی شەڕەوە 625 هەزار خوێندکار لە غەززە لە خوێندن بێبەشبوون
رێکخراوی منداڵانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (یونسیف) ئاشکرایکرد، بەهۆی جەنگەوە، زیاتر لە 625 هەزار خوێندکار لە کەرتی غەززە بێبەشبوون لەخوێندن.
یونسیف بەبۆنەی رۆژی جیهانی فێرکردنەوە بڵاویکردەوە، لەوەتەی شەڕی غەززە بەرپابووە، زیاتر لە 22 هەزار مامۆستا و کادری فێرکردن لە کەرتی خوێندن و فێرکردن کارەکانیان لەدەستداوە.
هاوکات ئاژانسی پەنابەرانی فەڵەستینی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان ناسراو بە (ئۆنروا) ئاشکرایکرد، بەهۆی بەردەوامی شەڕی غەززەوە، سەرجەم خوێندنگەکانی سەربە رێکخراوەکە داخراون، کە بەهۆیەوە زیاتر لە 300 هەزار منداڵ لە خوێندن بێبەشبوون.
رێکخراوی یونسیف ئاماژەی بەوەشکردووە، شەڕ و وێرانکاریيەکان بووەتە هۆی زیانگەیاندن بە لە 75%ی بینای ناوەندەکانی خوێندن لە کەرتی غەززە.
رێکخراوەکە داواشیکرد، پێویستە لەنزیکترین کاتدا کۆتایی بە شەڕ و نائارامییەکانی بهێنرێت، بۆ ئەوەی خوێندکاران و مامۆستایان بتوانن بچنەوە ناوەندەکانی خوێندن.
ئەو راگەیەندنەی رێکخراوی یونسیف لەکاتێکدایە، پێشتر وەزارەتی پەروەردە و فێرکردنی کەرتی غەززە ئاشکرایکرد، بەهۆی شەڕ و هێرشەکانەوە، چوار هەزار و 327 خوێندکار کوژران و زیاتر لە 7 هەزار خوێندکاری دیکە برینداربوون، هاوکات زیاتر لە 230 مامۆستا و کارمەندەی پەروەردە کوژراون و زیاتر لە 750 مامۆستاش برینداربوون.
24/01/2024