رۆژنامەیەک: بەشێک لە سەرکردەی گرووپەکانی مقاوەمە عێراقیان جێهێشتووە

رێڕۆیشتنی هێزێکی حەشدی شەعبی لە بەغدا فۆتۆ: AFP
رێڕۆیشتنی هێزێکی حەشدی شەعبی لە بەغدا فۆتۆ: AFP

رۆژنامەیەکى رووسی بڵاویکردەوە، زۆرینەى گەورە فەرماندە و سەرکردەی گرووپەکانی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، لە ترسی تۆڵەی ئەمریکا، شوێنی مانەوەیان جێهێشتووە و خۆیان حەشارداوە.

بەگوێرەی راپۆرتی رۆژنامەى "نیزاڤیسیمایا"ی رووسی، پسپۆڕە رۆژئاواییەکان لەو بڕوایەدان، لە ترسی هێرشە چاوەڕوانکراوەکانی ئەمریکا، بەشێک لە لێپرسراو و فەرماندەکانی سوپای پاسدارانیش لەگەڵ ئەو سەرکردانەدا پێکەوە ناوەندە هەستیارەکانیان جێهێشتووە.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردووە، سەرکردەی گرووپەکانی مقاوەمەی ئیسلامی، گەیشتووەنەتە ئەو بڕوایەی، ئەمریکا هێرشی چڕیان دەکاتە سەر و ئەوەش دۆخێکی ئاڵۆزتر لە ئێستا لە ناوچەکە دەهێنێتە ئاراوە.

وەک لە راپۆرتی رۆژنامە رووسییەکەدا ئاماژەی پێکراوە، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، پێشوەختە هێزەکانی لە ناوچەکە خستووەتە ئامادەباشییەوە، بۆ ئەوەی لەکاتی پێویستدا بڵاوەیانپێبکات، بە مەبەستی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی زەمینی لە ناوچە ئاڵۆزەکان ئەگەر پێویستی کرد.

سەرکردەیەکی بزووتنەوەی نوجەبا، بە رۆژنامەی ئێلمۆندۆی ئیسپانی راگەیاندووە، پێشبینیدەکەن ئەمریکا هێرشبکاتە سەر بنکە و سەرکردەی گرووپەکانی مقاوەمەی عێراقی، ئەو هەڵوێستەش چاوەڕوانی بەرپابوونی ئاڵۆزیی زیاتری لێدەکرێت لە ناوچەکە.

راپۆرتی رۆژنامە رووسییەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆمەکی لە رادەبەدەری ئەمریکا لە شەڕی غەززەدا، وایکردووە، مەترسیی بۆسەر بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکەدا زیاتر بێت.

شەوی 28ی کانوونی دووەمی 2024، هێرشکرایە سەر بنکەی تاوەری 22ی ئەمریکا لە باکووری رۆژهەڵاتی ئوردن و بەهۆیەوە 3 سەربازی ئەمریکی کوژران و 40 سەربازی دیکەش برینداربوون، پنتاگۆن گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراقی بە ئەنجامدەری هێرشەکە تۆمەتبار کرد.

ئەمریکا و نەیارانی تاران، ئێران بە "پاڵپشتی حەماس دادەنێن" پێیانوایە، هەوڵیداوە خۆی لە ململانێکان دوور بخاتەوە، بەڵام ناراستەوخۆ پشتگیری لەو گرووپانە دەکات کە لە لوبنان، یەمەن، عێراق و سووریاوە چوونەتە نێو شەڕەکەوە بەناوی "میحوەری مقاوەمە" دوژمنایەتیی ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەکەن.

کۆشکی سپی رۆژی 31ی مانگی رابردوو رایگەیاند "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" لە پشت ئەو هێرشەوە بووە کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجامدرا و بووەهۆی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکی و بریندار بوونی 40ی دیکە لە بنکەیەکی سەربازی لە ئوردن.

جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا گوتی: "گریمانەی بازنەکانی هەواڵگریی ئێمە ئەوەیە، گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق کە ژمارەیەک گرووپی نزیک لە ئێران لەخۆدەگرێت، هێرشەکەیان ئەنجامداوە".

بەگوێرەی قسەی چەند بەرپرسێکی ئەمریکی کە قسەیان بۆ میدیای وڵاتەکەیان کردووە، بژاردەی وەشاندنی گورز لە گرووپە چەکدارەکانی عێراق کە بە "نزیک لە ئێران" دادەنرێن، لەلایەن جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکاوە بڕیاری لەسەر دراوە و ئەوەیان ئاشکرا کردووە "چەند ئامانجێکی ئەو گرووپانە لەناو عێراق و سووریا دیاریکراون بۆ لێدان و گریمانەی ئەوە هەیە چەند هەفتەیەک بخایەنێت".

رۆژى 28ـى ئەم مانگە، بە درۆن هێرشکرایە سەر بنکە سەربازییەکانى هێزەکانى ئەمریکا لە سنوورى سووریا و ئوردن، پاشئەوەش جۆ بایدن، سەرۆکى ئەمریکا رایگەیاند، بەهۆى هێرشەکەوە سێ سەربازى ئەمریکى کوژراون.

ئەمریکا 900 سەربازى لە ناو خاکى سووریادا هەیە و ئەرکیان بەرەنگاربوونەوەى داعش و پاڵپشتیکردنى هێزەکانى سووریاى دیموکراتە.

بنکەی ''تەنەف'' لە  نێو خاکی سووریا و لە سنووری نێوان ئوردن-عێراق و سووریایە و  نزیکەی 10 کیلۆمەتر لە خاکی عێراق و کەمتر لە 10 کیلۆمەتریش لە خاکی ئوردن دوورە.

لەم بنکەیەدا نزیکەی 350 سەرباز و ئەندازیاری سەربازیی ئەمریکی هەن کە لە بواری سەربازی، لۆجستی و هێزی ئاسمانی چالاکن.

هێرش بۆ سەر بنکەی '' تەنەف" کە بە تاوەری 22 ناسراوە، یەکێک لە کوشندەترین ئەو هێرشانە بوو کە لە ساڵی رابردوودا کراوەتە سەر هێزە ئەمریکییەکان.