
لە تورکیا قەیرانی تایبەت بە سندوقەکانی وەبەرهێنان بەردەوامە.
11 تۆمەتباری دیکەی دۆسیەی سندوقی وەبەرهێنان بەندکران.
پەرلەمانی تورکیا پێشنیازەیاسای سندووقەکانی وەبەرهێنانی پەسەندکرد.
لە تورکیا قەیرانی تایبەت بە بۆرسە، سندوقەکانی وەبەرهێنان و بازاڕە دارییەکان بەردەوامە، پەرلەمان یاسایەکی لە بارەی پرسەکەوە پەسەندکرد و 11 تۆمەتباری دیکەش لەسەر دۆسیەکە خرانە زیندان.
قەیرانێکی گەورە لە بۆرسە و بازاڕە داراییەکان و سندوقەکانی وەبەرهێنان سەریهەڵداوە.
بە هۆیەوە، نیو ملیۆن کەس کە وەبەرهێنەری بچوکن، زیانیان کردووە.
ژمارەیەکی دیاریکراویش قازانجی گەورەیان کردووە.
بەشێکیان بەرپرسی نێو ئاکپارتی دەسەڵاتدارن.
تاوەکو ئێستا دەیان کەس دەستگیرکران و خراونەتە زیندان.
لە کۆتایی هەفەتەدا،31 کەسی دیکە لەسەر دۆسیەکە دەستگیرکران.
پاش وەرگرتنی گوتە لێیان، 11 کەسیان دەستگیرکران.
پێنج کەسیان بە مەرجی مانەوە لە ماڵ ئازادکران.
لێکۆڵینەوە لەگەڵ دەستگیرکراوەکانی دیکە بەردەوامە.
گەڕان بە دوای پێنج کەسی دیکەدا بەردەوامە.
یەکێکیان خاوەنی گەورە کۆمپانیای ئاڵتنباش هۆڵدینگە.
درەنگانی شەوی پێنجشەممەش، پێشنیازەیاسای تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی بەشێک لە سندووقەکانی وەبەرهێنان لەلایەن پەرلەمانی تورکیا پەسەندکرا. بەو جۆرەش لێکۆڵینەوەکان بەم یاسایە بەهێزتر دەکرێن.
بەگوێرەی یاساکە، پاکتاوکردنی بەشێک لە سندووقەکانی وەبەرهێنان ڕێکدەخرێن و ئامانجی سەرەکی یاساکە، گەڕاندنەوەی مافە بۆ خاوەن پشکە زینالێکەوتووەکان و وەرگرتنەوەی ئەو زیانانەیە، کە لەلایەن بەرپرسانەوە بە سندووقەکە گەیشتووە.



