
هەفتەى داهاتوو لێخۆشبوونى گومرگیی ئۆتۆمبێلى مایڵد هایبرد کۆتایی دێت.
لەمەولا هاوشێوەى ئەو ئۆتۆمبێلانەى بە سووتەمەنى کاردەکەن گومرگ دەکرێن.
بەگوێرەى نووسراوێکى بەڕێوەبەرایەتیى گشتیی گومرگى هەرێمى کوردستان لە هەفتەى داهاتوو، یەکى تشرینى دووەمەوە هەموو ئەو ئۆتۆمبێلانەى مایڵد هایبردن، گومرگ دەکرێن هاوشێوەى ئەو ئۆتۆمبێلانەى بە سووتەمەنى کاردەکەن.
گومرگى ئۆتۆمبێلى مایڵد هایبرد لەمەودوا لە 15% دەبێت.
واتە ئەگەر ئۆتۆمبێلێک نرخەکەى 20هەزار دۆلار بێت، سێ هەزار دۆلار گومرگ دەکرێت.
تایبەتمەندیی مایڵد هایبرد لەم ساڵانەی دواییدا لەلایەن کۆمپانیا گەورەکانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلەوە پەرەی پێدراوە، بە شێوەیەک کە پاترییەکی گەورە لە پاڵ بزوێنەری بنەڕەتیدا دادەنرێت بۆ کەمکردنەوەی فشار لەسەر بزوێنەرەکە و دابینکردنی وزەی پێویست بۆ سیستمی کارەبایی.
ئەم تەکنەلۆژیایە یارمەتی کەمکردنەوەی بەکاربردنی سووتەمەنی و کەمکردنەوەی گازە زیانبەخشەکان دەدات، بەڵام بەهۆی یەکسانکردنی گومرگەکەی لەگەڵ ئۆتۆمبێلی ئاسایی، کاریگەریی دارایی لەسەر کڕیاران و هاوردەکاران لە هەرێمی کوردستان دروست دەکات.




