وەزیرى ناوخۆى عێراق: پێویستە هێزەکانى پاسەوانى سنوور بچنەوە ئەو ناوچانەى سوپاى تورکیا کۆنترۆڵی کردوون

عەبدولئەمیر شممەرى، وەزیرى ناوخۆى عێراق
عەبدولئەمیر شممەرى، وەزیرى ناوخۆى عێراق

وەزیرى ناوخۆى عێراق رایگەیاند، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان لە ئاستێکى باشدایە و هێزى زیاتریش رەوانەى سلێمانى دەکەن، بەپێویستیشى دەزانێت، هێزەکانى پاسەوانى سنوور بچنەوە ئەو ناوچانەى کە سوپاى تورکیا کۆنترۆڵى کردوون.

لەمیانى بەشداریکردنى لە دیداری رافیدەین لە بەغداد عەبدولئەمیر شممەرى، وەزیرى ناوخۆى عێراق رایگەیاند، "کۆنترۆڵکردنى سنوورەکانى وڵاتەکەى گرنگترین خاڵە بۆ رێگریى لە بازرگانى ماددەى هۆشبەر و سزاى لەسێدارەدانیان بەسەر 80 کەسدا سەپاندووە کە بازرگانیان بە ماددەى هۆشبەر کردووە".

گوتیشى، "بەراورد بەساڵانى رابردوو تاوانەکانى کوشتنى بەئەنقەست، رفاندن و کوشتن و دزینى ئۆتۆمبێل کەمبوونەتەوە و شێوازى کارەکانى بنکەکانى پۆلیس دەگۆڕێن و دەکرێن بە ئەلیکترۆنى و بەیەکەوە دەبەسترێنەوە".

ئاماژەى بەوەشکردووە، "لێکۆڵینەوەیان لە رووداوى کوشتنى سەرۆکى دەزگاى هەواڵگرى زیقار دەستپێکردووە و چەکى بێمۆڵەتیش لەسەرجەم هۆزەکان وەردەگرینەوە و دەستیانکردووە بە کڕینى چەک لە هاوڵاتیان و بڕى یەک ملیار دینارمان بۆ ئەو مەبەستە تەرخانکردووە".

لە بارەى پاراستنى سنوورەکانەوە، وەزیرى ناوخۆى عێراق گوتى، "سنوورەکانیان کۆنتڕۆڵکردووە بە رێژەى 95%، دەیانەوێت رێگاى زیاتر بکەنەوە تاوەکو هێزەکانیان بچنە ئەو شوێنانەى کە خاکى عێراقن"

لە بارەى هەماهەنگییەکانیشیان لەگەڵ هەرێمى کوردستان شەمەرى رایگەیاند، "پەیوەندییان لەگەڵ وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان زۆرباشە و ئەفسەر و پاسەوانى زیاتر لە سنوورى سلێمانى دادەنێین چونکە ژمارەیان کەمە".

وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان بە بەرپرس دەزانێت لە پاراستنى ئاسایشى هەرێمى کوردستان، بەپێویستیشى دەزانێت، "هێزەکانى پاسەوانى سنوور بچنەوە ئەو ناوچانەى کە سوپاى تورکیا کۆنترۆڵى کردوون".