
پووختەی هەواڵ:
ئامانج لە پێکهێنانی ئەم دەستەیە، برەودان و بەرەوپێشبردنی کایەی ڕۆشنبیرییە لە چەمچەماڵ
پێشبینی دەکرێت دەستەکە ڕێکخستنەوەیەکی فراوان بۆ چالاکییە هونەری و ڕۆشنبیرییەکانی چەمچەماڵ بکات
هەماهەنگییە لەنێوان نوسینگەی قوباد تاڵەبانی و بەڕێوەبەرایەتییەکانی چەمچەماڵ

نەجات عەبدوڵڵا، ڕاوێژکاری هونەریی قوباد تاڵەبانی، لەمیانی سەردانیکردنی بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیری و هونەری چەمچەماڵ، پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ ئاسۆ بەکر، قائیمقامی شارۆچکەی چەمچەماڵ، هاوشانی بەڕێوەبەر و فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیری و هونەری شارۆچکەکە، بڕیاری پێکهێنانی ئەم دەستەیەی دا.
لەمیانی کۆبوونەوەکەدا:
تیشک خرایە سەر ڕەوشی ئێستای هونەر و ڕۆشنبیریی لە چەمچەماڵ
گفتوگۆ کرا لەبارەی گرفت، پێداویستی و خواستی هونەرمەندانی ناوچەکە
جەخت لە هەماهەنگیی ناوەندە هونەرییەکان و دامەزراوە فەرمییەکان کرایەوە
گرنگترین تەوەر و بڕیاری کۆبوونەوەکە، بڕیاردان بوو لەسەر پێکهێنانی بۆردێکی ڕاوێژکاریی تایبەت، بۆ پڕۆژە هونەرییەکانی چەمچەماڵ، کە ئامانجی سەرەکی بریتییە لە:
داڕشتنەوەی نەخشەڕێگە و پلانی ستراتیجی، بەمەبەستی گەشەپێدانی سەرجەم بوارەکانی هونەر: شانۆ، موزیک، شێوەکاری و سینەما
هەڵسەنگاندن، سەرپەرشتیکردن و پاڵپشتیکردنی پڕۆژە هونەرییە نوێیەکان
ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان و دۆزینەوەی بەهرەمەندە لاوەکان

